تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس بڵاویکردووەتەوە فڕۆکەی هەڵگری جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس و ئەندامانی دیکەی تیمی دانوستانکاری ئەمەریکا لە نزیک کاتژمێر 7ی بەیانی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بنکەی ئاسمانی ڕامشتاین لە ئەڵمانیا وەستاوە بۆ ئەوەی سووتەمەنی وەربگرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کراوە کە هیچ یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئەمەریکا دوای ئەم خولەی دانوستانەکان لە پاکستان نەماونەتەوە و جەرێد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف و تیمی تەکنیکیش ئیسلام ئابادیان بەجێهێشتووە.
ئەلعەرەبیە پێشتر بانگەشەی کردبوو کە ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر لە دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد گەیشتنە بنبەست، لەو وڵاتە ماونەتەوە و تەنیا جەی دی ڤانس ئیسلام ئابادی بەجێهێشتووە.
چەقبەستوویی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا دوو حەفتە مۆڵەتی بە کۆماری ئیسلامی دابوو بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن.