قاڵیباف: ئەمەریکا دەبێت بڕیار بدات کە ئایا دەتوانێت متمانەی ئێمە بەدەستبهێنێت یان نا

محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی(سەرۆکی پەرلەمانی ئێران) کە سەرکردایەتی دەستەی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئیسلام ئاباد کرد، بانگەشەی ئەوە دەکات کە شاندی کۆماری ئیسلامی لە کاتی دانوستانەکاندا دەستپێشخەریی پێشوەختەیان خستووەتە ڕوو، بەڵام ئەمەریکا نەیتوانیوە متمانەی شاندی ئێران بەدەست بهێنێت.

قاڵیباف لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "ئەمەریکا لە لۆژیک و بنەماکانی ئێران تێدەگات، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بڕیار بدەن کە ئایا دەتوانن متمانەمان بەدەستبهێنن یان نا."

پێشتر جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە سەرکردایەتی تیمی دانوستانکاری ئەمەریکای کردبوو، دوای چەندین کاتژمێر وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی، رایگەیاند نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن و وتی ئەمە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ کۆماری ئیسلامی.

دانوستانەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی دوای 21 کاتژمێر سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەبێ گەیشتن بە ئەنجام کۆتایی هات.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پێش ئەوەی ئیسلام ئاباد بەجێبهێڵێت، ڕایگەیاند "ئێمە زۆر بە ڕوونی هێڵە سوورەکانمان ڕاگەیاند و نیشانمان دا لە کوێ ئامادەین بۆ ئەوەی نەرم و نیان بین و لە کوێدا نین، ئەو خاڵانەمان تا توانیمان ڕوون کردوە، بەڵام ئەوان بڕیاریان داوە مەرجەکانی ئێمە قبوڵ نەکەن."

هەروەها ڕایگەیاند "ئێمە بە پێشنیارێکی زۆر سادە لێرە دەڕۆین - چوارچێوەیەکی لێکتێگەیشتن کە کۆتایی و باشترین پێشنیاری ئێمەیە. با ببینین ئێرانییەکان قبوڵی دەکەن یان نا."

گرنگترین ئەو پرسانەی کە لە ئیسلام ئاباددا ڕێککەوتنیان لەسەر نەکرابوو، پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆماری ئیسلامی، پرسی کردنەوەی تەنگەی هورمز و پرسی ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستووی کۆماری ئیسلامی بووە.

هاوکات سەبارەت بە بەرنامە ناوکییە مشتومڕاوییەکەی کۆماری ئیسلامی، ڤانس وتی "پێویستە بەڵێنێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە ببینین کە ئەوان هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادەن و بەدوای ئامرازەکانی دەستکەوتنی خێرای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێن. ئەمە ئامانجی سەرەکی سەرۆکی ئەمەریکایە و هەوڵمان داوە لە ڕێگەی ئەو دانوستانانەوە پێی بگەین."

وتیشی "پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئەمەریکا پابەندبوونێکی بنەڕەتی و ڕاستەقینە لە کۆماری ئیسلامییەوە دەبینێت کە ئەوان هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادەن. 'نەک هەر ئێستا، نەک تەنها لە دوو ساڵدا، بەڵکو لە درێژخایەندا'؟ ئێمە هێشتا پابەندبوونێکی لەو شێوەیەمان نەبینیوە. هیوادارین بیبینین."

چەقبەستوویی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا دوو حەفتە مۆڵەتی بە کۆماری ئیسلامی دابوو بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن. ڕێککەوتنێک کە هەنگاوی یەکەمی کردنەوەی بەربەستی تەنگەی هورمزە و نەگەیشتن بەو ڕێککەوتنە بە واتای بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئەمەریکایە، ئەمجارەیان بۆ سەر دامەزراوە گرنگەکان لە ئێران.

هێشتا دیار نییە لەو ماوەیەی ماوە هەردوولا دەگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان یان نا، بەڵام دۆناڵد ترامپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکرێت یان نا، بۆ ئەو زۆر گرنگ نییە.