جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بە کاتی پاکستان ڕایگەیاند لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
جەی دی ڤانس وتی ئێمە 21 کاتژمێر گفتوگۆمان کردووە، بەڵام هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە نەگەیشتووین بە ڕێککەوتن و ئەمە هەواڵێکی ناخۆشترە بۆ کۆماری ئیسلامی لەوەی بۆ ئەمەریکا بێت.
دەقی لێدوانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەنجامی دانوستانەکان:
با سەرەتا پێزانینی خۆم دەرببڕم، پێش هەموو شتێک بۆ سەرۆک وەزیرانی پاکستان و دواجار بۆ مارشال مونیر کە هەردووکیان مێواندارییەکی بێ وێنەیان کرد. هەر کەموکوڕییەک لەم دانوستانانەدا هەبوو خەتای پاکستانییەکانی تێدا نەبوو؛ ئەوان کارێکی سەرسوڕهێنەریان کرد و بەڕاستی هەوڵیاندا هاوکاری ئێمە و ئێرانییەکان بکەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن. ئیمە تا ئێستا 21 کاتژمێرە کار دەکەین و کۆمەڵێک وتووێژی جەوهەریمان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجام داوە. ئەوە هەواڵێکی خۆشە.بەڵام هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە ئێمە نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن و پێموایە ئەوە هەواڵێکی زۆر خراپترە بۆ ئێران لە چاو ئەمەریکا. ئێمە بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەگەڕێینەوە ئەمەریکا. ئێمە هێڵە سوورەکانمان ڕوون کردووەتەوە؛ ئامادە بووین لەسەر هەندێ شت سازش بکەین و لەسەر کۆمەڵکێک خاڵیش پێداگریمان کرد. ئێمە ئەم پرسەمان ڕوون کردەوە و ئەوانیش هەڵیانبژارد مەرجەکانمان قبوڵ نەکەن.
ئێمە لەسەر هەموو ئەو پرسانە قسەمان کرد، هەروەها باسمان لە کۆمەڵێک پرسی دیکە کرد، بەڵام هێشتا نەمانتوانی بگەینە ئەو ئاستەی کە ئێرانییەکان ئامادەبن مەرجەکانمان قبوڵ بکەن. پێم وایە ئێمە تەواو نەرم و نیان بووین. سەرۆک پێی وتبووین دەبێت بە نیازپاکییەوە بێنە ئێرە و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکەن. ئێمە ئەوەمان کرد و بەداخەوە نەمانتوانی هیچ پێشکەوتنێک بەدەست بهێنین.
بەڵێ دیارە ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆک قسەمان دەکرد. نازانم لە ماوەی 21 کاتژمێری ڕابردوودا چەند جار قسەمان لەگەڵ کرد، شەش جار، دوانزە جار. دیارە لەگەڵ براد کوپەر، پیت هێگسێت، مارکۆ روبیۆ و هەموو تیمی ئاسایشی نیشتمانی قسەمان کردووە. بۆیە بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ تیمەکەدا چونکە بە نیەتێکی باشەوە دانوستانمان دەکرد. ئێمە لێرە دەڕۆین، ئێمەش لێرە بە پێشنیارێکی زۆر سادە دەڕۆین، شێوازێک بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئەمە دوا پێشنیارە و باشترین پێشنیارمانە. با بزانین ئێرانییەکان قبوڵی دەکەن یان نا.