چین دەیەوێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ ئێران بنێرێت

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوە هەواڵگری ئەمەریکا بۆی دەرکەوتووە چین خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا سیستەمی بەرگری ئاسمانی نوێ بگەیەنێتە ئێران.

ڕۆیتەرز نووسیویەتی ئاماژە هەیە کە پەکین کاردەکات بۆ ئەوەی بارەکان لە ڕێگەی وڵاتانی سێیەمەوە بگوازێتەوە بۆ ئێران.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا، پاشنیوەڕۆی شەممە بە کاتی واشنتن کاتێک لە کۆشکی سپی بەرەو میامی بەڕێکەوت، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند "ئەگەر چین ئەوە بکات،لەگەڵ کێشەی گەورە ڕووبەڕوو دەبێتەوە."

سەرۆک ترامپ وردەکاری زیاتری لەمبارەیەوە نەخستەڕوو.

ڕۆیتەرز دەڵێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن و وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی شەممە وەڵامی داواکارییەکانی ئەو ئاژانسەیان بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە نەداوەتەوە.

ئەمەریکا و ئێران لە ئێوارەی ڕۆژی شەممەوە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان لە دانوستانێکی ئاست بەرزدان و بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی شەش هەفتەیی نێوانیان.