پاکستان هاوکاتی نێوەندگیری دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕەوانەی سعودیە دەکات

وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاند پاکستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرگری نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ سعودیە، فڕۆکەی جەنگی و هێزی سەربازی دیکەی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.

وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕۆژی شەممە و هاوکاتی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لە ئیسلام ئاباد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا، ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان لە بنکەی ئاسمانی شا عەبدولعەزیز لە وڵاتەکە جێگیرکراون.

بەگوێرەی ئەو وەزارەتە ئامانج لەم جێگیرکردنە بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەشی بەرگری و زیادکردنی ئامادەیی سەربازی و پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.

ئەم ڕێوشوێنە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە دوای نزیکەی 40 ڕۆژ لە دوای نێوەندگیریی پاکستان گەیشتووەتە ئاگربەست و دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە ئیسلام ئاباد بەردەوامە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام.

سێ سەرچاوە لەوان بەرپرسێکی باڵای حکومەتی پاکستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان لە سعودیە جێگیرکراون دوای ئەوەی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە هێرش کرایە سەر ژێرخانی سەرەکی وزەی سعودیە و هاوڵاتییەکی سعودیە تێیدا کوژرا.

هێرشەکانی ئێران بۆ سەر سعودیە نیگەرانییەکی جددی لە ئیسلام ئاباد دروستکردووە کە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی سعودیە وادەکات ئاگربەستەکە تێکبدات و دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بخاتە مەترسییەوە.

ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە جێگیرکردنی هێزەکانی پاکستان لە سعودیە بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی ڕیازە کە ئیسلام ئاباد بەرگری لە وڵاتەکەی دەکات لە بەرامبەر هەر هێرشێکی دیکەدا.

بەڵام حکومەتی سعودیە و سوپای پاکستان وەڵامی داواکاری فەرمییان نەدایەوە بۆ لێدوان لەسەر وردەکارییەکانی جێگیرکردنەکە.

ڕیاز و ئیسلام ئاباد لە مانگی هەشتی ساڵی 2015 پەیمانی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد کە تێیدا هاتووە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەریەک لە وڵاتان بە هێرش بۆ سەر هەردوو وڵات دادەنرێت. ئەم ڕێککەوتنە بڕگەیەکی گرنگە لە پەیوەندییە ئەمنییەکانی هەردوو وڵاتدا و هاوکارییە دەیان ساڵەی نێوانیانی بەرەو ئاستێکی نوێ بردووە.

پاکستان لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی سەربازی بۆ سعودیە، پێشکەشکردنی مەشق و ڕاوێژی سەربازی و جێگیرکردنی سنووردارکردنی هێزەکانی.

لەبەرامبەردا سعودیە لە قۆناغە جیاجیاکانی قەیرانی ئابووریدا پاڵپشتی پاکستانی کردووە، لەوانەش لەڕێگەی هاوکارییە داراییەکان و دابینکردنی وزە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاند وەزیری دارایی سعودیە ڕۆژی هەینی بەمەبەستی نیشاندانی پاڵپشتی ئابوری خۆی بۆ پاکستان سەفەری بۆ ئیسلام ئاباد کردووە.