سێنتکۆم: هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان کردووە بە پاککردنەوەی مینەکانی کۆماری ئیسلامی لە تەنگەی هورمز

FILE PHOTO: Cargo ships in the Gulf, near the Strait of Hormuz

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە هاوکاتی بەڕێوەچوونی دانوستانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لە ئیسلام ئاباد، ڕایدەگەیەنێت دەستیکردووە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مین لە تەنگەی هورمز.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ڕۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە، ڕاگەیەندراوە پرۆسەی پاککردنەوەی مین لە تەنگەی هورمز بە دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکا دەستیپێکردووە.

بەیاننامەکەی سێنتکۆم باس لەوە دەکات کە دوو کەشتیی ئەمەریکایی بە ناوەکانی یو ئێس ئێس فرانک پیتەرسۆن و یو ئێس ئێس مایکل مورفی لە چوارچێوەی ئەرکێکی فراوانتر بۆ دڵنیابوون لە پاککردنەوەی تەواوەتی مینە دەریاییەکان کە پێشتر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێرانەوە دانرابوون، بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون و لە کەنداوی فارسدا چالاکن.

براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت "ئەمڕۆ دەستمان بە پرۆسەی دروستکردنی ڕێڕەوێکی نوێ کرد و بەم زووانە ئەم ڕێگا پارێزراوە لەگەڵ پیشەسازی کەشتیوانیدا هاوبەش دەکەین بۆ هاندانی ڕۆیشتنی ئازادی بازرگانی".

پێش ڕاگەیاندنی سێنتکۆم، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند ئەمەریکا "هەموو 28 کەشتییە مین چێنرەکانی ئێرانی" نوقم کردووە و سوپای ئەمەریکا پرۆسەی پاککردنەوەی تەنگەی هورمزی لە مینەکانی دەستپێکردووە.

هەروەها پەیامنێری ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا نووسیویەتی ئەم کارە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران ئەنجامدراوە و لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە یەکەمجارە کەشتییە ئەمەریکاییەکان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن.

زیاتر لە 40 ڕۆژە نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر تەنگەی هورمزیان داخستووە. بەشێکی بەرچاو لە نەوتی جیهان بەم ڕێڕەوی گرنگەدا تێدەپەڕێت و سنووردارکردنی ئەم رێگەیە، کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی هەبووە.