کۆشکی سپی: کۆبوونەوەی ئیسلام ئاباد سێ قۆڵی و ڕووبەڕوویە

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا و پاکستان و ڕێژیمی ئێران ئەمڕۆ کۆبوونەوەی "ڕووبەڕووی سێ قۆڵی" ئەنجام دەدەن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئەسۆشیەیتد پرێس دانوستانە ڕووبەڕووەکانی ڕۆژی شەممە لە پاکستان کە لەلایەن ڤانس و قاڵیبافەوە سەرپەرشتی دەکرێن، نموونەیەکی دەگمەنە لە پەیوەندییە ئاست بەرزەکانی نێوان سەرکردایەتی ئەمەریکا و حکومەتی ئێران.

ڕاپۆرتەکەی ئەسۆشیەیتد پرێس دەڵێت لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979ەوە، بەرزترین ئاستی پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆبامادا بووە لە ساڵی 2013 کە حکومەتی ئەو کاتی ئێران بە سەرۆکایەتی ڕوحانی لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە پرسی ناوکی دانیشتنی ڕووبەڕوویان هەبووە.

ڕاپۆرتەکەی ئەسۆشیەیتد پرێس هەروەها باس لەوە دەکات کە ئەمە ئەرکێکی سیاسی گەورەیە بۆ ڤانس کە دوودڵ بووە لە شەڕی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران و ئەزموونی دیپلۆماسی کەمیشی هەیە. هەروەها ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر بەشێکن لە شاندی واشنتن لەم گەشتەدا.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کۆمەڵێکی تەواو لە پسپۆڕانی ئەمەریکایی لە بوارە پەیوەندیدارەکاندا ناردووە بۆ ئەوەی بەشداری دانوستانەکان بکەن لە ئیسلام ئاباد، هەروەها ڕایگەیاندووە، پسپۆڕانی دیکە لە واشنتنەوە پشتگیری تیمەکە دەکەن.