وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت مافی مانەوەی هەمیشەیی (گرین کارت)ی عیسا هاشمی کوڕی مەعسومە ئێبتکار و بنەماڵەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و کارمەندانی فیدراڵی دەستبەسەریان کردوون.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە ڕۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە ناسنامەی هاوسەری عیسا هاشمی بە ناوی مریەم تەهماسبی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە لە ئێستادا خۆیان و کوڕەکەیان لەژێر دەستی کۆچبەران و گومرگی ئەمەریکادان و چاوەڕێی دیپۆرتکردنەوە دەکەن.
مەعسومە ئێبتکار یەکێک لەو کەسانە بوو کە ڕۆڵی هەبووە لە داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تاران لە ساڵی 1979 لە لایەن "خوێندکارانی پەیڕەوی هێڵی ئیمام" کە بووە هۆی بارمتەگرتنی 52 ئەمەریکایی بۆ ماوەی 444.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەدا مەعسومە ئێبتکار بە یەکێک لەو کەسانەی ناو بردووە ئاسانکاری بۆ بە بارمتەگرتنی ئەمەریکاییەکان کردووە ئاماژەی بەوەشکردووە ناوبراو هەوڵیداوە بە ئامادەکردنی چاوپێکەوتنی ڕێنمایی کراو بارودۆخی بارمتەکان بە لەبار و باش بخاتەڕوو، لەکاتێکدا لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابوون و تووشی فشاری جەستەیی و دەروونی بوون.
مەعسومە ئێبتکار لە سەردەمی حکوومەتی محەمەد خاتەمی سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە و جێگری سەرۆک کۆمار بووە، هەروەها لە هەمان پۆستدا لە حکوومەتی حەسەن ڕۆحانیدا کاری کردووە، دواتریش وەک جێگری سەرۆکی ئێران لە کاروباری ژنان و خێزاندا دەستنیشان کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، عیسا هاشمی و مریەم تەهماسبی و منداڵەکەیان لە ساڵی 2014 بە ڤیزەی سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما چوونەتە ئەمەریکا و لە مانگی شەشی 2016 لە ڕێگەی پرۆگرامی ڤیزەی هەمەچەشنییەوە مافی مانەوەی هەمیشەیییان وەرگرتووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە مافی مانەوەی هەمیشەیی حەمیدە ئەفشار سولەیمانی، خزمی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی سوپای قودسی سوپای پاسداران و کچەکەی هەڵوەشاندوەتەوە. وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە ئەو دوو کەسە لەژێر دەستی کۆچبەری و جێبەجێکردنی گومرگی ئەمەریکادان.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە کە مافی مانەوەی هەمیشەیی فاتمە ئەردەشیر لاریجانی کچی عەلی لاریجانی سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و هاوسەرەکەی هەڵوەشاوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو کەسە لە ئەمەریکا نەماون و هاتنیان بۆ ئەمەریکا قەدەغە کراوە.
بەڕێوبەرایەتی ترامپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێگە نادات وڵاتەکە ببێتە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو کەسانە کە پەیوەندییان بە "ڕژێمە تیرۆریستییە دژە ئەمەریکاییەکانەوە" هەیە.