وێنەی دانوستانە فەرمییەکانی ئێران و ئەمەریکا لە ئیسلام ئاباد بڵاودەکرێتەوە

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمی پاکستان، میدیاکانی ئێرانیش ڕۆژی شەممە دەستپێکردنی فەرمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکایان بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلام ئاباد ڕاگەیاند و یەکەم وێنەی دیداری شاندی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان بڵاوکرایەوە.

ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی دانوستانەکان لە کاتێکدایە کە ئێران پێشتر ئاگربەستی لە لوبنان و ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستوو وەک پێشمەرجێک بۆ دانوستانەکان ڕاگەیاندبوو.

لەم دیدارەدا شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان میوانداری شاندێکی ئێرانی دەکات بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی(پەرلەمانی ئێران).

قاڵیباف پیشتر ئاگربەستی لوبنان و ئازادکردنی پارەی بەستووی ئێرانی بە مەرجی دەستپێکردنی دانوستانەکان ناو بردبوو و جەختی لەوە کردبووە کە تا جێبەجێکردنی ئەو داواکاریانە هیچ دانوستانێک ناکرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران،لە بارەی دەستپێکردنی فەرمیی دانوستانەکان بڵاویکردووتەوە ڕاوێژی چڕ و پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا لە ئارادیە و نووسیویەتی لەم ڕاوێژکارییانەدا، ڕێککەوتن کراوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت ڕابگیرێت و سنووردار بکرێت بە ناوچەکانی باشووری لوبنایشەوە.

هەروەها ئەو دەزگایە بڵاوی کردووەتەوە کە لایەنی ئەمەریکایی ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستووی ئێرانی قبوڵکردووە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو پرسە "پێویستی بە گفتوگۆی شارەزایی و تەکنیکی وردتر هەیە لەم بارەیەوە."

کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی فەرمی دانوستانەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە دانوستان لەگەڵ کاربەدەستانی پاکستان لەو کاتەوەی دەستی پێکردووە کە شاندی ئێرانی گەیشتوونەتە ئیسلام ئاباد.

ئیسماعیل بەقایی دووپاتی کردووەتەوە کە محەمەد باقر قاڵیباف و عەباس عەراقچی نزیکەی دوو تا دوو سەعات و نیو گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان کردووە. بەقایی ناوی ئەو بەرپرسانەی نەخستەڕوو، بەڵام هەندێک لە هەواڵەکان پێشتر باسیان لەوە کردبوو کە دانوستانەکان لەگەڵ وەزیری بەرگری پاکستان ئەنجام دراوە کە ئەویش لە فڕۆکەخانە پێشوازی لە شاندی ئێران کردبوو.