کۆشکی سپی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس و ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان شەهباز شەریف کۆبوونەتەوە.
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قاڵیباف لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای پاکستان کۆبووەوە. شەهباز شەریف ناوبژیوانی سەرەکی نێوان هەردوو تیمی دانوستانکارە.
شەریف لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ڤانس وتی هیوادارە دانوستانەکانی ڕۆژی شەممە بناغەی ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا بێت.
لە هەمان کاتدا کۆشکی سپی ڕۆژی شەممە ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرزی ڕەتکردەوە کە سەروەت و سامانی بەستووی ئێران لە "قەتەر و بانکە بیانییەکانی دیکە" ئازاد کرابێت.
ئاژانسه هەواڵییەکە پێشتر بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک کە ناوی نەهێنراوە، بڵاوی کردبووەوە کە ئەمەریکا بە مەرجی قاڵیباف بۆ ئازادکردنی بەشێک لە سەروەت و سامانی بەستووی ئێران ڕازی بووە.
بەڕێوبەرایەتی بایدن پێشتر لە ساڵی 2024 بە فەرمی مۆڵەتی گواستنەوەی 6 ملیار دۆلار لە سامانی بەستووی ئێرانی لە کۆریای باشوور بۆ قەتەر دابوو، ئەمەش زەمینەی ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمەریکایی کە لە ئێران زیندانی کرابوون، خۆش کرد.
بەڵام لە هەمان کاتدا یەکلایی بووەوە کە ئێران تەنیا دەتوانێت بە پارەی ئازادکراو خۆراک و دەرمان بکڕێت و قەتەریش ڕاستەوخۆ پارەکەی ئێران بۆ ئەو شتانە دەدات.