تەوەرە سەرەکییەکانی وتووێژەکانی ئەمەریکا و ئێران لە پاکستان چین؟

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئێران لە کاتێکدا ڕۆژی شەممە 11ی مانگی چوار لە پایتەختی پاکستان وتووێژ دەکەن، کە هێشتا مشتومڕ و ناکۆکی لەسەر تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکان هەیە.

ئەم دانوستانە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامییە کە شەپۆلی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێکەوتەوە.

دوابەدوای ئاگربەستی کاتی لە شەڕەکەدا، کاربەدەستانی تاران پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە دانوستانە فەرمییەکان تەنیا لە حاڵەتێکدا "مانا"یان دەبێت کە واشنتن پابەند بێت بە ئاگربەست لە لوبنان و کردنەوەی پارە بەستوەکانی ئێران.

محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی(سەرۆکی پەتلەمانی ئیران) کە ئێستا سەرۆکی تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامییە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران بەپێی مەرجەکانی ئاگربەست بەردەوام دەبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

ئەو و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیش ئاماژەیان بە پلانی گوماناوی 10 خاڵیی کۆماری ئیسلامی کردووە کە پێشکەشی ئەمەریکا کراوە.

ئەم بانگەشانەی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە "پلانێکی 10 خاڵیی تەواو ساختە"یە و بە مەبەستی "ناوزڕاندنی ئەو کەسانە بووە کە بەشدارن لە پرۆسەی ئاشتیدا".

هەروەها کارۆڵین ڵیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە قبوڵکردنی پلانی 10 خاڵی ئێران لەلایەن ئەمەریکا درۆیە و پێشنیاری 15 خاڵیی ئەمەریکا دەبێتە بنەمای دانوستانەکان.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس کە ئێستا سەرکردایەتی شاندی ئەمەریکا دەکات، ڕایگەیاندووە کە سێ جۆرەی جیاوازی "پلانی 10 خاڵی" کۆماری ئیسلامی بینیوە و بە بۆچوونی ئەو جۆرەی یەکەمیان بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی زیرەکی دەستکرد "چات جی پی تی" نووسراوە.

بەپێی ئەو پلانە 10 خاڵییەی کۆماری ئیسلامی ئێران باسی لێوە دەکات، درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەستە.

هێرشەکانی ئێسرائیل بۆ سەر هێزەکانی حزبوڵا کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە مانگی سێی ئەمساڵەوە، نزیکەی دوو هەزار کەسی کوشتووە. ئیسرائیل و ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە کە هەڵمەتی لوبنان بەشێک نییە لە ئاگربەستی ئەمەریکا و ئێران، لە کاتێکدا تاران پێداگری لەسەر خستنەڕووی پرسی لوبنان لە ئاگربەستەکەدا دەکات.

کۆماری ئیسلامی هەروەها دەیەوێت ئەمەریکا سەروەت و سامانی بەستووی ئێران ئازاد بکات و کۆتایی بەو سزایانە بهێنێت کە ساڵانێکە ئابووری وڵاتەکەیان پەکخستووە.

واشنتن ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە سزاکان بە شێوەیەکی بەرچاو سووک بکات، بەڵام تەنها لە بەرامبەردا ئیمتیازات لەلایەن ئێرانەوە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی.

ئێران دەیەوێت سەروەری خۆی بەسەر تەنگەی هورمزدا بسەپێنێت کە تیایدا بەنیازە پارەی ترانزێت و کۆنترۆڵکردنی چوونە ژوورەوە وەربگرێت، هەنگاوێک کە بە مانای گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگی هێزی ناوچەکەدا دێت.

بەڵام ئەمەریکا دەیەوێت بەبێ هیچ سنووردارکردنێک تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتی و نەوتهەڵگرەکاندا بکرێتەوە.

لەم دواییانەدا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە سوپای پاسداران نەیتوانیوە بەتەواوی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا بکاتەوە، چونکە ناتوانن هەموو ئەو مینانە بدۆزنەوە و لایبەن کە لەو ڕێڕەوەدا چێنراون.

چاوەڕوان دەکرێت کۆماری ئیسلامی داوای قەرەبووکردنەوەی هەموو زیانەکانی شەڕی شەش هەفتەیی بکات. ئەمەریکا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.

پرسی قەرەبووکردنەوە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی عەرەبی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە هێرشیان کراوەتە سەر، داوای قەرەبوو لە تاران دەکەن.

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی بەپەلەی خۆیدا کە ڕۆژی چوارشەممە لە جنێڤ بەڕێوەچوو، لەسەر داوای وڵاتانی کەنداو، بڕیارنامەیەکی پێشنیارکراوی سەبارەت بە لێکەوتەکانی مافی مرۆڤی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئوردن، بەحرەین، عەرەبستانی سعوودی، عومان، قەتەر و کوێت پەسەند کرد.

بەشێک لە بڕیارنامەکە داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات کە "بەپەلە" و "بە شێوەیەکی گونجاو" قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کەوتووە.

کۆماری ئیسلامی داوای مۆڵەتی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات، پرسێک کە واشنتن ڕەتیکردۆتەوە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دانوستانی لەسەر ناکرێت.

هەروەها هەم ئیسرائیل و هەمیش ئەمەریکا دەیانەوێت توانا مووشەکییەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار بکرێن. تاران ڕایگەیاندووە کە جبەخانەی مووشەکی بەهێزی وڵاتەکەی دانوستانی لەسەر ناکرێت.

کۆماری ئیسلامی خوازیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان و پابەندبوونی ئەمەریکا بە هێرش نەکردن. بەڵام ترامپ بەڵێنی داوە سەروەت و سامانی سەربازیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنێتەوە تا ڕێککەوتنی ئاشتی دەکرێت، هۆشداریشی داوە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان،ململانێکان زۆر بە توندی دەست پێدەکاتەوە.