ئەمەریکا دەڵێت حکومەتی عێراق شکستی خواردووە لە وەستاندنی هێرشی میلیشیا تیرۆرستییەکانی بەکرێگیراوی ئێران، لە کاتێکدا گرووپەکان بەردەوامن لە هێرش بۆ سەر ئامانجە ئەمەریکاییەکان و هەرێمی کوردستان دوای ڕاگەیاندنی کاتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کریستوفەر لانداو ڕۆژی پێنجشەممە لە واشنتن باڵیۆزی عێراق نزار خێروڵڵای بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ئیدانەی "توندی" حکومەتی ئەمەریکا دژ بە هێرشە تیرۆریستییە "قێزەونەکانی" گرووپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، "وێڕای داننان بە هەوڵی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هێرشە تیرۆرستیانە، جێگری وەزیر جەختی لەسەر شکستی حکومەتی عێراق کردەوە لە ڕێگریکردن لەم هێرشانە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "هەندێک لە توخمەکانی گرێدراو بە حکومەتی عێراق بەردەوامن لە دابینکردنی چالاکانەی ڕووپۆشی سیاسی و دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ میلیشیاکان."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دا لەوەی ئەم مامەڵەیە کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەبێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا تەحەمولی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ناکات و چاوەڕوانی لە حکومەتی عێراق هەیە کە هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بە کاتی واشنتن، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند ئەمەریکا بۆ ماوەی 2 هەفتە ئۆپەراسیۆنەکانی سەر ڕژێمی ئێران ڕافەگرێت بۆ ئەوەی هەلێکی تری ڕێککەوتن بخرێتە بەردەم کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران لە عێراق بەردەوامن لە چالاکی و ڕۆژی چوارشەممە هێرشیان کردە سەر دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا لە بەغدا.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا ئاماژەی کرد دوێنێ پێنجشەممە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان بە درۆن کراونەتە ئامانج.
حکومەتی هەرێم دەڵێت، " لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەداخەوە تیرۆریستان و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایەت، لە نانەوەی پشێوی بەردەوامن."