نەتانیاهۆ کوشتنی بەرپرسی نووسینگەی رێبەری حزبوڵا پشتڕاست دەکاتەوە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند سوپای ئیسرائیل بەرپرسی نووسینگەی ڕێبەری حزبوڵای لوبنانی لە بەیروت کوشتووە، ئەمەش لەکاتێکدا کە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن بەردەوامن لە هێرشەکانیان دژی حزبوڵای لوبنان.

نەتانیاهۆ لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی"ئێمە عەلی یوسف هەرشی بەرپرسی نووسینگەی تایبەتی نەعیم قاسم، ڕێبەری ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵا و یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانیمان کوشتووە."

شەوی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک ژێرخانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان.

سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لەو هێرشانەدا، تونێلەکانی حیزبوڵا و کۆگاکانی چەک و مووشەک و تەقەمەنی لە ناوخۆی لوبنان کراوەتە ئامانج.

وەزیری تەندروستی لوبنان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بۆ زیاتر لە 200 کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە هەزاران کەسیش بریندار بوون.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند "لە هەر شوێنێک پێویست بێت" بەردەوام دەبێت لە لێدانی حزبوڵا. نەتانیاهۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی "ئێمە بە هێز و وردبینی و ئیرادەوە بەردەوام دەبین لە لێدانی حزبوڵا."

وتیشی "پەیامەکەمان ڕوونە، هەرکەسێک دژی خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل مامەڵە بکات، ئێمە لێی دەدەین، لە هەر شوێنێک پێویست بکات، بەردەوام دەبین لە بە ئامانجگرتنی حزبوڵا، تا ئەو کاتەی ئاسایش بە تەواوی بۆ دانیشتوانی باکووری ئیسرائیل دەگەڕێنینەوە."