شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێران لە تاران و ناوچەکانی دیکەی لە زیادبووندایە.
بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، لانیکەم 34 هاووڵاتی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی ئێران بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ بریکارەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و ناردنی وێنە بۆ میدیا بیانییەکان، دەستبەسەر کراون.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا ئەمڕۆ، دەیان هاووڵاتی لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان بە تۆمەتی "بەکارهێنانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، داواکاری گشتی ناوەندی پارێزگای ئەردەبیل دەستگیرکردنی36 هاووڵاتی ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەی کرد ئەو کەسانە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دوژمن دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی توندترین سزای قورس دەبنەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، داواکاری گشتی ئەردەبیل هۆشداری داوە کە ناردنی هەر بابەت و وێنە و ڤیدیۆییەک بۆ دەزگا میدیاییەکانی دەرەوە بە تاوان دادەنرێت و وەک هاوکاری لەگەڵ بریکاری ئەمەریکا و ئیسرائیل مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
داواکاری گشتی خوراسانی باکووریش دەستگیرکردنی شەش هاووڵاتیی ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو کەسانە بە ناردنی کورتەنامە و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ تۆڕەکانی دەرەوەی وڵات، دژی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان هەڵسوکەوتیان کردووە.
هەروەها هەواڵگریی سوپای پاسداران لە سمنان دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتی ڕاگەیاندووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە ئەو دوو کەسە بریکاری مۆسادن لەو شارە.