دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرجەم کەشتی و فڕۆکە و سەربازەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە تا کۆماری ئیسلامی بە تەواوی پابەند دەبێت بە ڕێککەوتنێکەوە.
سەرۆک ترامپ هەروەها جەختی لەوە کردەوە ڕاپۆرتەکانی قبووڵ کردنی پلانی 10 خاڵی ڕژیمی ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە، هەواڵی ساختە و شوێنی گۆمانن.
سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نووسیویەتی "هەموو کەشتی و فڕۆکە و سەربازەکانی ئەمەریکا لەگەڵ تەقەمەنی زیادە و چەک و هەموو شتێکی دیکەی گونجاو و پێویست بۆ بەدواداچوون و لەناوبردنی کوشندە و لەناوبردنی دوژمنێک کە لە ئێستاوە بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە، لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە لە ناو ئێران و دەوروبەری تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنە ڕاستەقینەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر بەهەر هۆکارێک ئەمە ڕوونەدات، بە ئەگەری زۆر ئەوا لێدان و بۆردمانەکان دەست پێدەکەنەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی گەورەتر و باشتر و بەهێزتر لە هەموو کاتێک کە پێشتر هەرگیز نەبینراوە.
ترامپ بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان تاران و واشنتن نووسیویەتی "سەرەڕای ئەو هەموو ئەو قسە ساختانە،هیچ چەکێکی ئەتۆمی لەئارادا نییە و تەنگەی هورمزیش کراوە و پارێزراو دەبێت."
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها دەڵێت "لەم نێوەندەدا، سوپای گەورەمان پشوویەک وەردەگرێت و لە ڕاستیدا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی سەرکەوتنی داهاتووی خۆی دەکات، ئەمەریکا گەڕاوەتەوە!"
پێشتر محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەپێی مەرجەکانی ئاگربەست، ئێران ڕێگەی پێدراوە بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم. ناوبراو هەروەها بە ئاماژەدان بە پلانی گوماناوی 10 خاڵیی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەستە.
هاوکات دۆناڵد ترامپ لە پەیامێکی جیادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال نووسیویەتی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی نیویۆرک تایمز و سی ئێن ئێن سەبارەت بە "پلانی 10 خاڵی تەواو ساختە" بە ئامانجی ناوزڕاندنی ئەو کەسانەی بەشدارن لە پرۆسەی ئاشتیدا کراوە.