دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ ئێران لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەدەچێت.
سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی لە تروث ڕەخنەی لەو ڕەشنووس و دەقانە گرت کە وەک کارنامەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن ڕاگەیەندراون و نووسیویەتی "تەنیا کۆمەڵێک خاڵی مانادار هەیە کە لای ئەمەریکا قبوڵکراو بێت و ئێمە لە کاتی ئەم دانوستانانەدا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە باسیان دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد ئەو خاڵانە هەمان ئەو خاڵانەن کە بنەمای ڕێککەوتنەکەمان بوون بۆ دامەزراندنی ئاگربەست، ئەمە پرسێکی لۆژیکییە و دەتوانرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا دەردەبڕێت کە بەرپرسێکی ئەمەریکایی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، ئەو پلانە 10 خاڵییەی کە ئێران وەک کارنامەی دانوستانەکان ڕایگەیاندووە، ئەو مەرجانە ناگرێتەوە کە حکوومەتی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان پێی ڕازیبووە.
ئەو بەرپرسە باڵایە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی "ئەو بەڵگەنامەیەی کە میدیاکان هەواڵی لەسەر دەدەن، چوارچێوەیەکی ڕێککەوتن نییە."
ئەو بەرپرسە وردەکاریی نەخستەڕوو، تەنیا وتی لەبەر ڕێزگرتن لە پرۆسەی دانوستان لەبەرچاوی گشتی باسی ناکەین.