پەیامنێری ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە "دوو سەرچاوەی ئاگادار" باس لەوە دەکات کە بڕیارە ڕۆژی هەینی خولی یەکەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی دژ بە ڕێژیمی ئێران لە ئیسلام ئابادی پاکستان بەڕێوە بچێت.
کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە "تاوتوێ بۆ پرسی دانوستان دەکرێت، بەڵام هیچ شتێک بڕیاری کۆتایی لەسەر نادرێت تا ئەو کاتەی سەرۆک یان کۆشکی سپی بە شیوەی فەرمی ئەوە ڕانەگەیەنن."
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، پێدەچێت ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی کە تا ئێستا سەرکردایەتی دانوستانەکانی کردووە، شوێنەکەی لەم دانوستانە نوێیانەدا بداتە جەی دی ڤانس.
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە ئەکسیوسی ڕاگەیاندووە ڤانس پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرۆکی سوپای پاکستان، مارشال عاسیم مونیر هەیە؛ ئەو کەسەی کە ترامپ و عەراقچی دەستخۆشیان لێ کرد بۆ ڕۆڵی وەک نێوەندگیری ئاگربەستەکە.