کۆشکی سپی بۆ دەنگی ئەمەریکا: ڕێژیمی ئێران تا وادەی دیاریکراو دەرفەتی هەیە

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە 7ی مانگی چوار دووپاتی کردەوە ئەو وادەیەی بۆ ڕێژیمی ئێران دیاری کراوە، وادەی کۆتاییە.

کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە لە وەڵامێکی نووسراودا بۆ دەنگی ئەمەریکا لەبارەی دوایین نوێکاری سەبارەت بە وادەی سەرۆک ترامپ بۆ کۆماری ئیسلامی نووسیویەتی "ڕێژیمی ئێران تا کاتژمێر 8ی پاشنیوەڕۆی بە کاتی واشنتن کاتی ماوە بۆ ئەوەی کارێکی دروست بکات و لەگەڵ ئەمەریکا بگاتە ڕێککەوتن."

ئاماژەی بەوەشکردووە تەنها سەرۆک دەزانێت دۆخەکە چییە و چی دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، برێت بایر، پەیامنێری باڵای فۆکس نیوز ڕایگەیاندووە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک ترامپ، پرسیاری سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە وتووێژ لەگەڵ ڕژێمی ئێران کردووە و سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە نایەوێت باسی ئەگەرەکان بکات و وتوویەتی "کاتژمێر 8ی شەو ڕوودەدات."

بەپێی وتەی پەیامنێری باڵای فۆکس نیوز، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە، "ئەگەر بگەینە ئەو خاڵە" هێرشێک ڕوودەدات کە پێشتر هاوشێوەی ئەو هێرشە نەبینراوە.

بەگوێرەی قسەکانی پەیامنێری فۆکس نیوز، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە ئەگەر ئەمڕۆ وتووێژەکان بەرەو پێشەوە بچن و ئەنجامێکی بەرجەستەی هەبێت، ئەوا ئەو بژاردەیە دەتوانێت بگۆڕێت.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە 7ی مانگی چوار، هۆشدارییەکی توندی بۆ کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت، "ئەمشەو تەواوی شارستانیەتێک لەناو دەچێت و هەرگیز ئاوەدان ناکرێتەوە."

لە پەیامەکەدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە "نامەوێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام پێدەچێت ڕووبدات."