بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت هێرشی سەربازی وڵاتەکەی بۆ سەر هێڵی شەمەندەفەر و پردەکانی ئێران، بە مەبەستی هێرشکردنە سەر خەڵکی ئێران نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بۆ لاوازکردن و ورد کردنی ئەو ڕژێمەیە کە 47 ساڵە خەڵکی ئێران دەچەوسێنێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئێسرائیل ڕۆژی سێشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وتی "ئێمە بە هێزێکی زۆرەوە خەریکی لەناوبردنی ڕژێمی تێرۆریستی ئێرانین."
نەتانیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا نووسیویەتی "دوێنێ فڕۆکەی گواستنەوە و دەیان کۆپتەرمان تێکشکاند و ئەمڕۆش هێرشمان کردە سەر هێڵی شەمەندەفەر و ئەو پردانەی سوپای پاسداران بەکاری دەهێنن."
وتیشی "سوپای پاسداران ئەو پرد و هێڵانەی شەمەندەفەری بەکار دەهێنا بۆ گواستنەوەی چەک و هەروەها بۆ گواستنەوەی ئەو بریکارانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئێمە و ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە و خەڵکی ئێرانیش."
پێشتریش بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیل بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی و چەک لە سەرتاسەری وڵات لە شەمەندەفەر کەڵک وەردەگرێت.
بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمنییە، گواستنەوەی چەک لە ڕێگەی تۆڕی شەمەندەفەرەوە ئەنجام دەدرێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەتوانرێت هێڵی شەمەندەفەر بە ئامانجێکی سەربازی هەژمار بکرێت.
ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە لە درێژەی هێرشەکاندا، هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە کە هێڵە ئاسنینەکان و دامەزراوەکانی دیکە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بکرێنە ئامانج.