هێرشێک لە نزیک کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئەستەنبوڵ کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە لە نزیک کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئەستەنبوڵ تەقەکردن ڕوویداوە و بەهۆیەوە هێرشبەرێک کوژراوە و دوو ئەفسەری پۆلیسیش برینداربوون.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە ڕووداوەکە بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لەکاتی دەستپێکردنی تەقەکردنەکەدا لە ئامادەباشیدا بوون.

وەزیری ناوخۆی تورکیا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندووە هێرشبەرەکان سێ کەس بوون کە بە ئۆتۆمبێلێکی کرێ لە شاری ئێزمیتەوە هاتوونەتە ئەستەنبوڵ و ئەندامی ڕێکخراوێکی دینی بوون و ئاماژەی بەوەشکردووە دوو لە هێرشبەرەکان برا بوون.

هەندێک سەرچاوە بە ئاژانسەکانی هەواڵیان ڕاگەیاندووە لە ئێستادا هیچ دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی لە تورکیا بوونی نییە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت ئەفسەرانی پۆلیس چەکەکانیان دەکێشن و خۆیان دەشارنەوە کاتێک دەنگی تەقە دەبیسترێت. هەروەها لە یەک دیمەندا کەسێک بە خوێناوی لەسەر زەوی کەتووە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکانی دیکە کە ڕۆیتەرز دەستی کەوتووە، دەردەکەوێت کەسێک کە پێدەچێت یەکێک بێت لە هێرشبەرەکان لەنێو پاسە سپییەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکاندا دەجوڵێت و بۆ ماوەی چەند خولەکێک بە چەکی ئۆتۆماتیکی و دەمانچەیەکی دەستی تەقە دەکات.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لە ساڵی 2023ەوە، پۆلیسی زۆر لە دەوروبەری کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئەستەنبوڵ جێگیر کراون.

تا ئێستا بەرپرسانی تورکیا وردەکاری زیاتریان لەبارەی هۆکار و پاڵنەری تەقەکردنەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام پارێزگاری ئیستەنبوڵ ڕایگەیاندووە "هێرشبەرەکان تفەنگی هێرشبەر و چەکی ئاگرینیان بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە بۆ سەر کونسوڵخانەی ئیسرائیل".