کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە دۆخێکی سەختدان بەڵام هیوادارن "بەڵای" ڕژێمی ئێرانیان لەکۆڵ بکرێتەوە

چوارڕێیانی دایک لە شاری مهاباد

هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن هێرشەکان بوونەتە هۆی گرانبوونی بەرچاوی پێداویستییەکان و بە گشتی دۆخی ژیانیان هەروا دێ و بەگرفت تر دەبێت. سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی ڕاگەیاندراوە هێشتا هاووڵاتیان هیوا دەخوازن سەرئەنجام ڕژێمی ئێران بڕوخێت و وەک خۆیان دەڵێن،"ئەم بەڵایەیان لەکۆڵ بکرێتەوە."

بۆ زانینی دۆخی هاووڵاتییان دەنگی ئەمەریکا چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەندین سەرچاوەی ناو ڕۆژهەڵات کردووە کە بۆ پاراستنی ئاسایشیان، ناسنامەی چاوپێکەوتووان لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە.

هاووڵاتییەک لە پیرانشار لە زانیاری پەیوەندییدار بە ژیان و بەڕێچوونی خەڵک لە شار و باژێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گرانییەکی لە ڕادەبەر هاتووەتە ئاراوە به جۆرێک نرخی کەلوپەل و خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە بەرزبوونەوەدایە، هەتا ئەو ڕادەیەی کە خەڵکی کەمداهات ناتوانن به پێی پێویست خواردەمەنییان دابین بکەن."

ئەم هاووڵاتییە دەشڵێت، "نرخی کیلۆیەک مریشک بە میلێۆنێک (سەرووی 10 دۆلار) مەزەندە دەکرێت و پێنج کیلۆ برینج هەتا نرخی سێ میلیۆن تمەن بەرز بووەتەوە و دانەوێڵەی وەک نیسک و ماش بە جێگەی گۆشت لە سەر سفرەی خەڵکەکە نرخی زۆر بەرز بووەتەوە."

هەروەها دەڵێت نرخی دانەوێڵە و میوە و کەلوپەل لەوپەڕی گرانیدان، خەڵک نیگەرانی بڕینی گاز و کارەبان و بە جێگای ئەمانە پەنایان بۆ چرا و فانۆس و تەنانەت شەم بردووە، ئەوەش لە دەمێکدایە کە بەدەستهێنانی نەوتیش لەم کاتەدا ئاستەنگی هەیە؛ لە هەمان کاتدا هەندێک کار و کاسبی وەک زێڕینگەری و پارچەفرۆشی داخراون و کرێی ماشێن و تاکسیش گرانتر بوونە.

ڕۆژی 28ی دووی 2026 ئەمەریکا پرۆسەی توڕەیی ئەفسانەیی دژ بە ڕژێمی ئێران دەستپێکرد.

دابینکردنی دەرمان لە ئێراندا هەمیشە و تەنانەت بەر لە ئۆپەراسیۆنەکانیش گرفتێکی سەرەکی خەڵک بووە و کارتێکردنی لە سەر تەندروستی گشتی هەبووە. لەو نێوەدا، ئەو سەرچاوەیە ئاماژە دەکات کە لە ئێستادا دەوا و دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان بە چەتوونی و هاوکات زۆر گران دەست دەکەوێت.

ئەو ئاگایی دەدات کە بەو دۆخە نالەبارەش دیسان خەڵک بە مەرجێک کۆتایی بە دەستەڵاتی ڕژیمی ئێران بێت، ڕازین و هەستی ڕق و تووڕەییان لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل تێدا بەدی ناکرێت و بە ڕووخانی ڕژیم هیوادارترن.

هاووڵاتییەک لە مهاباد پشتڕاستی کردەوە کە نرخی شتوومەک و کەرەستە سەرەکییەکان لە ناوچەکانی ئێران و کوردستان "ئەوەندە گرانە بەجۆرێک گۆشتی سوور سەرووی ملیۆنێک و 200 هەزار تمەنە و نرخی شیر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرز دەبێتەوە."

هەروەها ئەو ئاماژە دەکات کە ئەم نرخانە بە پێی ناوچەکان جیاوازن و بەردەوام، بەتایبەت بە هۆی هێرشە ناوخۆییەکان، گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

ئەو هاوڵاتییەی مهاباد دەڵێت برنج سەرەڕای گرانییەکەی، هەروەها دەستکەوتنی زەحمەتە. دەشڵێت کەرەستەی وەک فانۆس کە پێشتر نزیکەی کەم کەس بۆ ڕووناکی کەڵکیان لێ وەردەگرت، ئێستا گران بووە؛ گاز کەم بووەتەوە و نرخی بەنزین سێ هێندە بەرز بووەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بە ڕژێمی ئێران داوا دەکات، "ئەمەریکا و ئیسڕائیل ئەو بەڵایەمان لە کۆڵ بکەنەوە."

هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ دەڵێت کە لە ترسی لێدانی شارەکان لە لایەن ئەمەریکاوە بەشێک لە خەڵک چوونەتە گوندەکان، چونکە ئەوێ ئارامترە. ئاماژە بە گرانبوونی پێداویستییەکان دەکات و دەڵێت بۆ کڕینی بەنزین ناچار بووە کە ماوەیەکی زۆر لە ڕیزدا چاوەڕوان بێت و بە گشتی، هەموو بەنزینخانەکان پڕ بوونە لە خەڵک، "چونکە ئەگەر ئەمەریکا لە دامەزراوی کارەبا بدات ئەوە بەنزینخانەکانیش کار ناکەن؛ و ئەگەر لە پردەکانیش بدات ئەوا هێنان و بردنی بەنزین بە تانکەرە نەتەوتییەکان ناگونجێت."

ئەو دەڵێت ئەم دۆخە لە مەریوان و بانەش بەردەوامە و خەڵک لە داهاتوویان دڵنیا نین و سەرقاڵی بەنزین کرینن بۆ "کارقایمیی" و بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تووشی گرفتی زیاتر نەبن.


دیمەنی وێرانبوونی یەکێک لە بنکەکانی حزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی دێگەڵەی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی لەلایەن درۆنێکی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە لە ڕۆژی 4 سێی 2026 کرایە ئامانج.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مهاباد دەڵێت دووكان و زێڕینگەری، ناوەندەکانی کڕین و فرۆشتنی ئوتوموبیل و خانوو ، پارچەفرۆشەكان، لەگەڵ بەشی خزمەتەکانی وەک چاککردنەوەی ئوتۆموبیل و تەلەڤزیۆن بە گشتی نزیکەی لە سەدا 70ی بازاڕەکان بێکار ماونەتەوە.

سەبارەت بە دۆخی دەرمان و نەخۆشەكان ڕایگەیاند هەرچەندە پێشتریش دەرمان لەژێر دەستی مافیای دەرمانی سپای پاسداران دابووە، ئێستا، كە دۆخی شەڕە، زۆربەی دەرمانەکان دەستناکەون و نرخەکەشی بە دۆلار دیاری دەكرێت.

ئەو پشتڕاستی دەکاتەوە، ئێستا هەم سنوورەكان بەستراون و هەمیش بەنزین گران بووە و گەشتیاریش کەم بوونەتەوە، "دۆخی ئابووری كوردستان لەوپەڕی خراپی خۆی دایە و درێژبوونەوەی ئەم شەڕە وا دەکات كە خەڵك هەروا بێکار و بێداهات بمێننەوە و بەناچار پشت بەو پاشەکەوتە دەبەستن کە تا ئیستا بۆیان ماوەتەوە."

ئەو هاووڵاتییە لە کۆتاییدا دەڵێت کە لە بواری ئاسایشەوە شارەکان لە دۆخێکی ئەوپەڕی ناپارێزراوی و نیگەرانی دان، بە جۆرێک هەر کەس دەستبەسەر بکرێت، تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ ئیسرائیلی دەخەنە پاڵ.