لە هێرشێکدا کە شیانی هەیە زیانی ملیاران دۆلار بگەیەنێت بە ژێرخانی ئابووری ئێران، ئیسرائیل دەڵێت لە دامەزراوەی پارسی باشوری داوە کە نزیکەی نیوەی بەرهەمی پترۆکیمیایی ئێرانی لێوە هەناردە دەکرێت.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئیسرائیل کاتز، ڕایگەیاند هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە "بە هێزەوە لە گەورەترین دامەزراوەی پترۆکیمیایی ئێرانی دا، کە دەکەوێتە ئەسەلویە، ئەو ئامانجە سەرەکییەی کە بەرپرسە لە بەرهەمی 50٪ پترۆکیمیایی ئەو وڵاتە."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل دووهەم گەورەترین دامەزراوەی پترۆکیمیایی ئێرانی کردە ئامانج.
ئیسرائیل کاتز ئاماژەی دا، "هەردوو دامەزراوەکە، کە بەیەکەوە نزیکەی 85٪ هەناردەی پترۆکیمیایی ئێران لەخۆ دەگرن، لەکار خراون و هیچی تر شیاو نەماون."
ڕاشیگەیاند، "ئەمە گورزێکی ئابووری بەهێزە بە بەهای دەیان ملیار دۆلار لە ڕژێمی ئێران."
جەختی کردەوە لەوەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕاسپێردراوە بەوەی بەردەوام بێت "بە تەواوی هێزەوە لە ژێرخانی نیشتیمانیی ڕژێمی تیرۆری ئێران بدات."
هێرشەکەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ هەتا ڕۆژی سێشەممە دوا مۆڵەتی داوە بە ئیران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و ملدان بە ڕێککەوتن.
ترامپ بەڵێنی داوە بە وێرانکردنی ژێرخانی کارەبا و پردەکانی ئێران لە ئەگەری فەرامۆشکردنی هۆشدارییەکەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە.