ڕۆیتەرز: پلانێک بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ پێشکەش بە کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکا دەکرێت

IRAN-USA/PRISONERS

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی پلانێکیان پێگەیشتووە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕ و دەڵێت ڕەنگە لە ڕۆژی دووشەممەوە پلانەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنگەی هورمز بکرێتەوە.

ئاژانسەکە ڕۆژی دووشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک کە ناوی نەهێنراوە نووسیویەتی، پلانەکە لە لایەن پاکستانەوە ئامادەکراوە و درەنگانی شەوی ڕابردوو دراوە بە ئێران و ئەمەریکا.

پلانەکە ڕێبازێکی دوو قۆناغی دەخاتە ڕوو کە بریتییە لە ئاگربەستی دەستبەجێ و دواتر ڕێککەوتنێکی گشتگیر.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سوپای پاکستان بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ عاسیم مونیر وەک تاکە کەناڵی پەیوەندییەکان، تەواوی شەوەکەی بە ڕاوێژ لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەر بردووە.

سەرچاوەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "پێویستە ئەمڕۆ [دووشەممە] لەسەر هەموو شتەکان ڕێکبکەون".

ئاماژەی بەوەشکرد لێکتێگەیشتنی سەرەتایی وەک یاداشتێکی لێکتێگەیشتن دادەڕێژرێت.

لە ئەگەری ڕێککەوتن، دەستبەجێ ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکرێت و تەنگەی هورمز دەکرێتەوە. پاشان بڕیارە 15 بۆ 20 ڕۆژ بۆ کۆتایی هێنان بە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی فراوانترلە ئیسلام ئاباد کۆ ببنەوە.

پێشتر ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی ئەمەریکایی و ئیسرائیلی ڕاپۆرتی دابوو کە ئەمەریکا، کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵێک نێوەندگیری ناوچەیی دانوستان لەسەر مەرجەکانی ئەگەری ئاگربەستی 45 ڕۆژە دەکەن کە دەتوانێ ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی هەمیشەیی شەڕەکە. بەڵام ڕاپۆرتەکە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا بە کەم ناوبردبوو.