نەتانیاهۆ ستایشی کوشتنی سەرۆکی هەواڵگری سوپای پاسداران دەکات

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس ستایشی کوشتنی مەجید خادەمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانی کرد و بەڵێنی دا ئیسرائیل بە هەموو هێزی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لە ئامانجە سەربازییەکانی.

نەتانیاهۆ هەروەها پێشوازی لە کوژرانی ئەسغەر باقری کرد کە سەرکردایەتی "یەکەی 840"ی نهێنی سوپای پاسداران دەکرد و بە "بەرپرسیار لە هێرشەکانی دژی جووەکان و ئیسرائیلییەکان لە سەرانسەری جیهان" ناوی برد.

سوپای پاسدارانیش ڕۆژی دووشەممە کوشتنی مەجید خادەمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسدارانی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاندووە ناوبراو بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل کوژراوە.

مەجید خادمی هاوینی ڕابردوو دوای کوژرانی محەمەد کازمی لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە شەڕی 12 ڕۆژەدا، وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران دەستنیشانکرا. پێش ئەوەی ئەم پۆستە وەربگرێت، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی زانیاری وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان بووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 ، خادەمی خستە لیستی سزاکانی خۆیەوە و ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کە بڕبڕەی پشتی هەڵمەتی سەرتاسەری هێزە ئەمنییەکانی ئێران بووە لە توندوتیژیی بەربڵاو، دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.

ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران بەرپرسیارە لە بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی لەناو سوپای پاسداران، ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئەو ڕەوتانەی کە هاوتەریب نین لەگەڵ سیاسەتی سوپای پاسداران، ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیارییە نهێنییەکان لە دەرەوەی سوپای پاسداران و ئەنجامدانی چاودێری سیاسی و ئەمنی بۆ فەرماندەکان و کارمەندانی ئەم هێزە چەکدارە.