شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاتژمێر دوانزە و نیو لە ڕێگەی دوو درۆنەوە هێرشکرایە سەر یەکێک لە گەڕەکە هەرە قەرەباڵخەکانی شاری سلێمانی، کە دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکی شارەکە.
دوای هێرشەکە یەکێک لە شایەتحاڵەکانی دانیشتووی گەڕەکەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هێرشەکە لە نیوەشەودا بووە و بەهۆی بەرزی دەنگی تەقینەوەکە شۆک بووین،. لەکاتێکدا لە سەرانسەری شاری سلێمانی دەنگی تەقینەوەکە بیستراوە و خەڵکی سڤیل ترسێکی زۆریان لێنیشتوە.
شایەتحاڵێکی تر هەرچەند ماڵەکەی دوورە لە ڕووداوەکەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەهێزی دەنگی تەقینەوەی درۆنەکە منداڵەکانی لە خەودا ڕاپەڕاندووە.
شایەتحاڵەکەی گەڕەکی بەختیاری کە نەیدەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند، یەکێک لە بیناکان ڕووخاوە و زەرەرو زیانی بەرکەتووە.
دوای نزیکەی دە خوولەک لە هێرشی یەکەم جارێکی تر لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشی دووەم کرایە سەر هەمان شوێن، دوای ڕووداوەکەش هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکەدا بڵاوی پێکراوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەر پاش ڕووداوەکە لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت " کۆماری ئیسلامی بە درۆنی خۆکوژ دوو جار هێرشی کردە سەر مەقەڕێکی کۆمەڵە لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، هەروەها دەشڵێت بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بوونی ئێمە خەڵکی سڤیل نەکاتە قۆربانی پێشتر ئەو مەقەڕە چوڵکرابوو هەر بۆیە بە خۆشحاڵییەوە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام بینا و ماشێنی زۆری هاووڵاتییان زەرەری گەورەی بەرکەوتووە."
لەماوەی هێرشەکانی ئەم دواییای ئێران و بەکرێگیڕاوەکانی بۆ ناو هەرێمی کوردستان ئەمە یەکەم جارە هێرش بکرێتە سەر گەڕەکێکی ناوجەرگەی سلێمانی.
دوای کاتژمێریک لە ڕووداوەکە گرووپی 'ئەسحابولکەهف'ی سەر بە حەشدی شەعبی بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی سەر شاری سلێمانی ڕاگەیاند.
بە پێی دواین ئامارەکان لەوەتای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیانپێکردووە، ئێران زیاتر لە 600 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش بەلایەنی کەم 14 کەس کوژراون و 93 کەسیش بریندار بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم دەڵێت ئەو بەشێک نییە لەو شەڕە و هەوڵێکی زۆریشی داوە تا هێرشە موشەکی و درۆنیەکانی سەر هەرێم ڕابگیرێت و ئێرانی ئاگادارکردووەتەوە.