بەپێی داتاکانی کۆمپانیای ئێڵ ئێس ئی جی و کپڵەر کە چاودێری گواستنەوە دەریاییەکان دەکات، تانکەرێکی هەڵگری نەوتی خاوی عێراقی بینراوە کە بە تەنگەی هورمز لە کەناراوەکانی ئێران تێدەپەڕێت، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند عێراق لە هەرچەشنە سنووردارکردنێک بێبەری دەبێت بۆ تێپەڕبوون لەو تەنگەیە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای کپڵەر، تانکەری ئۆشن تاندەر لە 2ی مانگی سێ نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی قورسی بەسرەی بارکردووە و پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی چوار بارەکانی لە بەندەرێکی مالیزیا دابەزێنێت.
دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی مانگی دوو کە ململانێکانی پەرەپێدا، کۆماری ئیسلامی تەنگەی هورموزی داخست کە ڕێڕەوێکە بۆ گواستەنەوەی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتی شل-ی جیهان.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دواتر ڕایانگەیاند ڕێگە بە تێپەڕین ئەو کەشتیانە دەدەن کە پەیوەندییان بە ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە نییە.
لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمو ئەلئەنبیا کە ژووری شەڕی کۆماری ئیسلامییە، دوێنێ ڕایگەیاند عێراق لە هەرچەشنە سنووردارکردنێک بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمز بێبەری دەبێت.