برازایەک و برازازایەکی قاسم سولەیمانی لە ئەمەریکا دەستگیر دەکرێن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی چەسپاندنی یاسا برازایەک و برازازایەکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی هێزی قودسی سوپای پاسدارانیان لە ئەمەریکا دەستگیر کرووە و مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەییانیان هەڵوەشاندووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ روبیۆ، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ، هەتا ئەم دواییەش حەمیدە سولەیمانی ئەفشار و کچەکەی خاوەنی گرین کارت بوون لە ئەمەریکاو بە خۆشی دەژیان.

دەشڵێت ئەفشاری برازای قاسم سولەیمانی، کە لە ساڵی 2020 لەلایەن ئەمەریکاوە لە عێراق کوژرا " بە ئاشکرا پشتیوانی لە ڕژێمی ئێران دەکات و خۆشحاڵی دەربڕیوە بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر ئەمەریکاییەکان و وڵاتەکەمانی بە 'شەیتانی گەورە' ناودێر کردووە."

روبیۆ دەڵێت لەم هەفتەیەدا " مۆڵەتی یاسایی هەردوو ئەفشار و کچەکەیم هەڵوەشاندەوە و ئێستا لەلایەن ئاژانسی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی کاری کۆچبەری (ICE) وە دەستگیرکراون و چاوەڕوانی دەرکردنیان لە ئەمەریکا دەکەن."

وەزیری دەرەوە جەختیش لەوە دەکاتەوە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ " ڕێگە نادات وڵاتەکەمان ببێتە ماڵی ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی کە پشتیوانی لە ڕژێمە تیرۆریستییە دژە ئەمەریکاییەکان دەکەن."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم مانگە ڕایشیگەیاند پێگەی مانەوەی یاسایی فاتمە ئەردەشێر لاریجانی، کچی عەلی لاریجانی، سیاسەتمەداری دێرینی ئێران و سەید کەلانتەر موعتەمەدی زاوای لاریجانی، هەڵوەشاندووەتەوە. ئەو دوو هاوسەرە ئێستا لە ئەمەریکا نەماون و هاتنە ناو ئەمەریکایان لێقەدەغەکراوە.

عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بوو کە لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر ڕژێمی ئێران لە مانگی ڕابردوو کوژرا.