سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند هێزەکانی شەپۆلێکی دیکەی هێرشیان دژ بە ژێرخانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری لوبنان ئەنجامداوە.
هێزی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو مۆڵگانەی لەلایەن شانەکانی لوبنانی هێزی قودسەوە بەکار دەهێنرێن کراونەتە ئامانج.
هێزی قودسی لوبنان وەک ناوەندێکی پەیوەندی نێوان ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵڵا و ڕژێمی ئێران کاردەکات. هاوکات پشتیوانی لە بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی حزبوڵڵا دەکات.
لە پێشهاتێکی دیکەدا، سوپای ئیسرائیل دوو بنکەی ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی کردە ئامانج، کە لەلایەن ئەندامانی باڵای ئەو ڕێکخراوە بۆ پەیوەندیکردن و هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکانی نێوان جیهادی ئیسلامی و حزبوڵڵا بەکاردەهێنرێن.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، مووشەکێکی حزبوڵڵای لوبنان لە بنکەیەکی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەی ئەلعەدەیسە لە باشووری لوبنان کەوتووە و سێ کارمەندی ئەو هێزانە برینداربوون و دووان لەوانە برینەکانیان سەختە.
ڕۆژی پێنجشەممە، فەرماندەی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا دوو سەربازی ئاشتیپارێزی ئەندەنوسیا لە باشووری لوبنان کوژراون.