هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک زیانێکی زۆر بە ئابووری هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت

هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، بێجگە لە تێکدانی دۆخی ئاسایشی زیانێکی زۆریشیان بە ئابووری هەرێمی کوردستان گەیاندووە، جوڵەی بازار بەجۆرێک سست بووە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هاووڵاتیان دروستکردووە.

ژووری بازرگانی هەولێر ڕایگەیاندووە قەبارەی زیانە ئابوریەکانی سەر هەرێم هێندە زۆرن لە ژماردن نایەن.

گەلیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر

گەلیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باس لەو زیانانە دەکات کە بەهۆی ئەم دۆخەوە لە بازرگانان کەوتووە و دەڵێت " بازرگانەکانمان بێگومان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ئەم دۆخە وایکردووە کە جوڵەی بازرگانی لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کورستانیش زۆر سست بووە و تا ئەندازەیەک وەستاوە."

یەکێک لەو کەرتانەی کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیارییە لە کاتێکدا بە سەدان کۆمپانیای گەشتیاری و فڕۆکەوانی نزیکەی مانگێکە هیچ کارێکیان نەماوە بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان. زیانەکانی ئەم کەرتە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێن.

مەحەمەد زێباری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی فلای ئەربیل

مەحەمەد زێباری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی فلای ئەربیل بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، تەواوی نوسینگەکانی گەشت و گوزاری لە هەرێمی کوردستان لە کار کەوتوون و دەڵێت ژمارەیان نزیکەی هەرزار نوسینگە دەبێت. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " تەنانەت لە کاتی قەیرانی کۆرۆنا ( ڤایرۆسی کۆرۆنا- کۆڤید 19) هێشتا باشتربوو تا ئەندازەیەک هەندێک گەشت هەبوو، لە کاتی ڕیفراندۆم (ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ساڵی 2007( کاتێک فڕۆکەخانەکان داخران، بەدیلی دیکە هەبوو ڕێگای وشکانی کرابوونەوە گەشت هەر هەبوو، بەڵام ئێستا لەم دۆخەدا کێ گەشت دەکات؟!"

تەسبیح فرۆشێک لە ناو بازاڕی هەولێر

ئەم دۆخە تەنانەت کارێکی زۆریشی کردووەتە سەر کاسبکارانیش کە لەناو بازاڕدا کار دەکەن، تەحسین عومەر ناسراو بە مام تەحسین لە بازاڕی هەولێر تەسبیح دەفرۆشێت بە دەنگی ئەمەریکای گوت " مووشەکی ئێران کار و کەسابەتی نەهێشتووە." ڕایشیگەیاند بێجگە لە دۆخی ئابوری " ئەم مووشەکانە دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆریشیان لە نێو هاووڵاتیاندا دروست کردووە."

هەرچەندە حکومەتی هەرێم دەڵێت ئەو بەشێک نییە لە شەڕەکە و هەوڵێکی زۆریشی داوە تا هێرشە موشەکی و درۆنیەکانی سەر هەرێم ڕابگیرێت و ئێرانی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئێران بێ گوێدانە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان سنورەکان دەبەزێنێت و زیان بەکەرتی ئابوری و وزەی هەرێم دەگەیەنێت، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە لێرە و لەوێ هاووڵاتیانی سڤیلیش دەکرێنە ئامانج.

بە پێی دواین ئامارەکان لەوەتای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووە، ئێران زیاتر لە 600 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووەتە سەر هەێمی کوردستان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش بەلایەنی کەم 14 کەس کوژراون و 93 کەسیش بریندار بوون.