دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ گەلی ئەمەریکا کاتژمێر 9ی شەوی چوارشەممە بە کاتی واشنتن بە ئاماژەدان بە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا بە شێوەیەکی ڕژد بەردەوام دەبن و ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە کارەکە تەواو دەکەین و زۆر بە خێرایی دەیگەیەنینە ئەنجام."
سەرۆک ترامپ بە ئاماژەدان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی بەرپرسانی ڕژێمی ئێران، 45 هەزار هاووڵاتیی خۆیان کە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، کۆمەڵکوژی کردوون. وتیشی ئەگەر ڕژیم چەکی ئەتۆمی بەدەست هێنابا، دەیتوانی "لە ژێر چەتری ئەتۆمی" درێژە بەو کارانە بدات و جەختی لەوە کردەوە کە دەبوو زووتر ئەم پرسە چارەسەر بکرایە.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی "ئامانجی ئێران ئەوە بوو کە هێندە موشەک بەرهەمبهێنن کە هیچ کەسێک نەوێرێت هێرش بکاتە سەریان و دواتر چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنن." وتیشی لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش خەریک بوو نزیک دەبوونەوە.
سەرۆک ترامپ سەبارەت بە شەڕەکە وتی ئەمە وەبەرهێنانێک بوو بۆ منداڵەکانمان و نەوەکانی داهاتوومان و هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە "رژێمێکی ڕادیکاڵ و توندڕەو" ناودێر کرد و ڕایگەیاند ڕژیم بۆ دەیان ساڵە دروشمی "مەرگ بۆ ئەمەریکا"ی دەڵێتەوە.
ترامپ ئۆپەراسیۆنەکەی بە ڕێکارێکی کورتخایەن بۆ ڕزگاربوون لە ڕژێمێکی خراپ و شەڕانگێز ناودێر کرد و هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ململانێکان بەردەوام بێت، لە "دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوو"دا گورزی توندتر و قورستر لە ئێران دەدات.
ترامپ هەروەها وتی گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا بەدی هاتووە و ئەو گرووپە نوێیەی کە هاتووەتە سەر دەسەڵات، کەمتر ڕادیکاڵ و توندڕەون و عەقڵانیتر بڕیار دەدەن. جەختیشی کردەوە ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت، ئامانجە نوێکان، لەوانەش کارەبا و دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران دەکرێنە ئامانج.
سەرۆکی ئەمەریکا بە کورتی باسی لە نیگەرانییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی کرد سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ڕایگەیاند، نرخی سووتەمەنی دووبارە دادەبەزێت.
وتیشی "زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان نیگەران بوون لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەم دواییانەدا لە وڵاتەکەماندا و ئەم زیادبوونە کورتخایەنە لە ئەنجامی هێرشە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانە بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان لە وڵاتانی دراوسێیدا و هیچ پەیوەندییەکیان بەم ململانێیەوە نییە."
سەرۆک ترامپ ڕاستەوخۆ سەبارەت بە ناتۆ قسەی نەکرد، بەڵام ڕەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە ڕەتیانکردووەتەوە یارمەتی ئەمەریکا بدەن لە کردنەوەی تەنگەی هورمزدا و پێشنیاری کرد ئەگەر نەوتیان کەم بوو، پێویستە لە ئەمەریکا بکڕن یان با خۆیان بڕوەن و تەنگەی هورمز بکەنەوە.
وتیشی" پێویستە پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز لە ئەستۆ بگرن، ئێمە بەشە سەختەکەیمان کرد، ئەویش لەناوبردنی ڕژێمی ئێران بوو."
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕەکەدا، تەنگەی هورمز "بە شێوەیەکی سروشتی بۆ خۆی دەکرێتەوە"، چونکە ڕژێمی ئێران ناچار دەبێت نەوتەکەی بفرۆشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتری نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.