سکرتێری گشتی ناتۆ هەفتەی داهاتوو سەردانی واشنتن دەکات

هاوکاتی ڕەخنە گرتنی توندی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەهۆی ئامادەنەبوونیان لە بەشداریکردن لە کردنەوەی تەنگەی هورمز، هەواڵەکان باس لە گەشتی مارک ڕوتە، سکرتێری گشتی ناتۆ دەکەن لە هەفتەی داهاتوو بۆ واشنتن.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئەمڕۆ چوارشەممە بە سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاند مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ترامپ ڕەخنەی توندی لە ناتۆ گرت بەهۆی بەشدارینەکردنی لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ترامپ و ڕوتە پەیوەندییەکی باشیان هەیە، بەڵام لەگەڵ درێژەکێشانی شەڕی ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا تادێت ناڕەزایی خۆی لە ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ، بەتایبەت سەبارەت بەریتانیا و فەرەنسا دەردەبڕێت.

دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیڵی تەلەگرافی بەریتانیا ڕایگەیاند بە شێوەیەکی ڕژد بیر لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ دەکاتەوە و هاوپەیمانیی ناتۆی بە "پڵنگی کاغەزی" ناوبرد.