سەرۆک ترامپ پەیامێک ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تۆم باراک، باڵیوێزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا، پەیامێکی سەرۆک ترامپی پێ گەیاندووە.

نێچیرڤان بارزانی، لە پۆستێکدا لەسەر ئێکس نووسیوێتی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا، پەیامێکی دۆناڵد ترامپی پێ گەیاندوە کە تێیدا بە توندی هێرشەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان و هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵەکەی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک سەرکۆنە کردووە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە تۆم باراک لەو پەیوەندییەدا هەروەها جەختی لە پشتگیریی تەواوی سەرۆک ترامپ و ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

بارزانی سوپاسی هاوپشتی و هاوخەمی سەرۆکی ئەمەریکای کردووە ، بەتایبەتی سوپاسی کردووە بۆ سەرەخۆشی کردنی لە خێزانی شەهیدەکان و هەروەها پشتیوانی بەردەوامی ولایەتە یەکگرتووەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.