ترامپ دەڵێت هێشتا تەواو ئامادە نییە واز لە هەوڵەکانی کردنەوەی تەنگەی هورمز بهێنێت

سەرۆکی ئەمەریکا بە کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاند هێشتا تەواو ئامادە نییە دەستبەرداری هەوڵەکان بێت بۆ ناچارکردنی ئێران بە کردنەوەی تەنگەی هورمز.

پەیامنێری سی بی ئێس نیوز لە کۆشکی سپی بەیانی سێشەممە پەیوەندی بە دۆناڵد ترامپەوە کرد بۆ وەرگرتنی وردەکاری زیاتر سەبارەت بە پۆستێکی سۆشیال میدیا کە باس لەوە دەکات کە ڕەنگە دەستبەرداری ئەو هەوڵە بێت.

سەرۆک ترامپ جارێکی دیکە بێزاری خۆی دووپات کردەوە سەبارەت بەوەی وڵاتانی دیکە سەرباز و کەرەستەی سەربازییان نەناردووە بۆ ئەوەی بەشداری شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بکەن، بەڵام وتی هێشتا ئامادە نییە هێزەکانی ئەمەریکا لەو ململانێیە بکشێنێتەوە.

وتیشی، "لە کاتێکی دیکەدا ئەم کارە دەکەم، بەڵام هێشتا ئەو کاتە نەهاتووە. وڵاتان دەبێت بۆ خۆیان هەنگاو بنێن و خۆیان ئەم کارە بەڕێوەببەن، ئێران لاواز بووە، بەڵام دەبێت بێن و کاری خۆیان بکەن."

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیکردەوە کە سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتی و ژێرخانی وڵاتانی کەنداو، "هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە" لە تەنگەی هورمزدا نییە.

وتی "من لەوێ دەبم، بەڵام ئەگەر کێشەی وەرگرتنی سووتەمەنیان هەبوو، با بێن بیبەن، وەک پێویست. با بێن و بیبەن. ئەوان نەیانویست هاوکاری کەس بکەن."