سەرۆک ترامپ ئاشکرای دەکات ئەمەریکا دانوستان لەگەڵ قاڵیباف دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیویۆرک پۆست پشتڕاستی دەکاتەوە کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەناوی کۆماری ئیسلامییەوە لەگەڵ ئەمەریکا دانوستان دەکات.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئاشکرایکردووە کە حکومەتی ئەمەریکا لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دانوستان دەکات.


هەروەها ترامپ بە نیویۆرک پۆستی وتووە کە نزیکەی هەفتەیەکی دیکە ڕوون دەبێتەوە کە ئایا قاڵیباف کەسێکە کە ئەمەریکا دەتوانێت لەگەڵیدا کار بکات یان نا.

ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە تویتێکدا ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە بە ئاشکرا باسی دانوستان دەکات، بەڵام بە نهێنی هەوڵی جێگیرکردنی هێزەکانی لەسەر خاکی ئێران دەدات.

هەروەها محەممەد باقر قاڵیباف لە تۆڕی ئێکس چەندین جار ڕەتیکردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا دانوستان دەکات.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران یەکێکە لەو چەند بەرپرسە پلە باڵا کەمەی ڕژێمی ئێران کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕزگاری بووە.