کوەیت دەڵێت ڕۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشێکی ئێران بۆسەر دامەزراوەیەکی خاوێنکردنەوەی ئاوی دەریا لە وڵاتەکەی، کرێکارێکی هیندی گیانی لەدەستداوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕژێمی ئێران ڕۆژانە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی وڵاتانی دراوسێ.
وەزارەتی کارەبا و ئاو و وزەی کوەیت ڕایگەیاندووە لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر باڵەخانەیەکی خزمەتگوزاری وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاوی دەریا زیانیکی زۆر بە باڵەخانەکە گەشتووە، بەلام ئاماژەیان بەوە نەداوە کە هێرشەکە بە مووشەک کراوە یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە 28ی مانگی دوو بۆ ڕاگرتنی چالاکییە خراپەکانی ڕژێمی ئێران لەسەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران دەستی داوەتە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان و ئەمەریکاییەکان لەناوچەکەدا.
هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر کوەیت لەلایەن ووڵاتانی ناوچەکەوە سەرکۆنە کرا .
قەتەر بە "قێزەون" ناوی برد و جەختی لەسەر پێویستی وەستاندنی هێرشە ناڕەواکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی کردەوە.
هەروەها بەرگری ئاسمانی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕۆژی دووشەممە 27 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 11 مووشەکی بالیستیکی ئێرانی لەناوبرد.
لە بەحرەین، سوپا ڕایگەیاندوە ڕێگری لە حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەشت مووشەکی ئێرانی کردوە.
هاوکات سعودیە ڕایگەیاندووە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەناوبردووە.
گروپی تیرۆریستی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، ڕۆژی شەممە هاتنە نێو شەڕ و ململانێکانی ناوچەکەوە، ئەمەش بە هەڵدانی مووشەکێک بەرەو باشووری ئیسرائیل کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگری لیکرا .
هەروەها ئیسرائیل هەواڵی خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی لە ڕۆژی دووشەممەدا بڵاوکردەوە.