مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپ چەند بژاردەیەکی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەتوانێت کۆنترۆڵی هەمیشەیی تەنگەی هورمز بەدەست بهێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ڕوبیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی هەمیشەیی تەنگەی هورمز و سەندنی پارە و شتی لەو جۆرە دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە "ڕێگە نادەین ئەوە ڕووبدات."
ڕوبیۆ لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە دۆناڵد ترامپ چەند بژاردە و ئامرازێکی لەبەردەستیدایە بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوێکی لەو شێوەیە، بەڵام ئامادەنەبوو وردەکارییەکانی ئەو بژاردانە لە چاوپێکەوتنەکەدا بخاتەڕوو.
مارکۆ ڕوبیۆ هەڵوێستی بەڕێوبەرایەتی ترامپی ڕوونکردەوە و وتی "هەموو گروپێکی تیرۆریستی ناوچەکە" پەیوەستن بە کۆماری ئیسلامییەوە، لە حەماسەوە تا حیزبوڵا و حوسییەکان و "هەر ناسەقامگیرییەک لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕژێمی ئێران."
وتیشی ئەگەر تاران لە ڕابردوودا هەنگاوی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە هەڵگرتبا، هەرگیز نەدەگەیشتە ئەم ئاستە.
هەروەها قسەی بۆ گەلی ئەمریکا کرد و جارێکی دیکە ئامانجەکانی ئیدارەی ترامپی بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران خستەڕوو کە بریتین لە لەناوبردنی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئێران، لەناوبردنی کارگەکانی چەکی ئێران و وەستاندنی مووشەکەکانی بالیستیکی ئێران.
بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپای ئەو وڵاتە تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە لە گەیشتن بە هەموو ئەو ئامانجانە و پێش وادەی خۆی کەوتووە و "ئۆپەراسیۆنەکان" چەند هەفتەیەک نەک چەند مانگێک دەخایەنن.