ترامپ: ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، وێستگەکانی کارەبا و بیرە نەوتییەکانی ئێران لەناو دەبەین

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە،30ی مانگی سێ جارێکی دیکە هەڕەشەی کرد کە ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی شکست بهێنن، ئەمەریکا "هەموو وێستگەکانی کارەبا و بیرە نەوتییەکانی ئێران و دوورگەی خارگ (و ئەگەری هەیە هەموو وێستگەکانی شیرینکەرەوەی ئاوی ئێران) لەناو دەبات".

دۆناڵد ترامپ لە تروث نووسیویەتی "پێشکەوتنی گەورە بەدەست هاتووە، بەڵام ئەگەر بە هەر هۆکارێک لە ماوەیەکی کورتدا ڕێککەوتنێک مسۆگەر نەبێت، کە بە ئەگەری زۆر دەبێت و ئەگەر دەریای هورمز بە خێرایی بۆ بازرگانی نەکرایەوە، ئێمە کۆتایی بە مانەوە جوانەکەمان لە ئێران دەهێنین بە تەقاندنەوە و لەناوبردنی تەواوی هەموو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بیرەکانی نەوت و دوورگەی خارک و ئەگەری هەیە هەموو وێستگەکانی شیرینکەرەوەی دەکەینە ئامانج."

ترامپ دەڵێت ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی سەبازەکانمان کە ئێران لە ماوەی 47 ساڵ "دەسەڵاتداریی تیرۆریستی"ی خۆی کوشتونییەتی.

سەرۆک ترامپ نووسیوێتی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە گفتوگۆیەکی رژدایە لەگەڵ ڕژێمێکی نوێ و لۆژیکی تر بۆ کۆتایی هێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە ئێران."

گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە و تەنگەی هۆرمز، کە ڕێگەی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی کەنداوی فارسە ، بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی جیهانی نەوت دروست کردووە.
هێشتا هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە بەم دوایین هۆشدارییەی سەرۆک ترامپ نەدراوەتەوە.