وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەستبەجێ عێراق بەجێبهێڵن و هۆشداریشی داوە لە نیازی ڕژێمی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی زانکۆ ئەمەریکییەکان لە عێراق.
هەژماری ئاگادارکردنەوەی گەشتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی یەکشەممە 29ی سێ لە کەناڵی ئێکس بڵاویکردەوە، دەڵێت "ڕەنگە ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران بەنیازن زانکۆ ئەمەریکاییەکان لە بەغدا و سلێمانی و دهۆک و هەروەها زانکۆکانی دیکە کە پێدەچێت پەیوەندییان بە ئەمەریکاوە هەبێت، بکەنە ئامانج."
لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، "ئێران بە تایبەتی هەڕەشەی لە زانکۆ ئەمەریکاییەکان کردووە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی هێرشی بەرفراوانیان کردووەتە سەر هاووڵاتیانی ئەمەریکایی، ئامانجەکانی سەر بە ئەمەریکا لە سەرانسەری عێراق، لەنێویاندا هەرێمی کوردستانی عێراق، و دامەزراوە و ئامانجە مەدەنییەکانی عێراق".
لە بەیاننامەکەدا ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرتووە و تیایدا هاتووە، بەغدا ڕێگری لەو هێرشانە نەکردووە کە لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون و "پێویستە هاووڵاتیانی ئەمەریکی لە ئێستاوە عێراق بەجێبهێڵن".