جەرێد ئایزاکمەن، بەڕێوەبەری دەزگای واڵایی ئەمەریکا (ناسا) ، رایگەیاند ئەو دامەزراوەیە بە خێراییەکی بەرچاوەوە مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر مانگ.
بەرنامەی ئارتێمیس، کە گەورەترین هەنگاوی 50 ساڵی ڕابردووی ئەمەریکایە لە بواری ئاسمانگەڕی بۆ چوونە سەر مانگ ، ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێکی ڕژدەوە بۆ جێبەجێکردنی.
ئەو گوتی سەرۆک کۆمار دۆناڵد ترامپ لە خولی دووهەمی خۆیدا بە واژۆکردنی یاسای "یاسا جوانە گەورەکە" بودجەی پێویستی بۆ ناسا دابین کرد تا بتوانێت ئەم بەرنامەیە بە تەواوی جێبەجێ بکات. ئەم یاسایە یەکێک بوو لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەمەریکا بۆ سەر مانگ.
ئێستا، ئارتێمیسی دوو، لەسەر هەڵفرگەیە و ئامادەی هەڵفڕینە. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تیمێکی چوارکەسی لە ئاسمانگەڕانی بەهێز کە پێکهاتوون لە ڕید وایزمان، ڤیکتۆر گڵۆڤەر، کریستینا کۆچ کە هەرسێکیان ئەمەریکایین و جێرمی هانسن کە کەنەداییە، بەرەو مانگ هەڵدەفڕن. ئەم ئەرکە دەتوانێت مرۆڤ بباتە دوورترین خاڵی مێژوویی لە زەوی و چوارسەد هەزار کیلۆمێتر لە زەوی دووری بکاتەوە.
بەپێی پلان، ئارتێمیسی سێ لە ساڵی 2027دا جێبەجێ دەبێت و یەکێک یان هەردوو کەشتیە ئاسمانیەکان لە خولگەی نزمی زەویدا تاقی دەکاتەوە. دواتر ئارتێمیسی 4 دەبێتە مێژوویی، کاتێک پێی ئەمەریکاییەکان دووبارە دەگەڕێنەوە سەر ڕووی مانگ بەڵام ئەمجارە نەک تەنها بۆ دانانی ئاڵا و بەجێهێشتنی شوێنپێی خۆیان، بەڵکو بۆ مانەوە و بنیاتنانی بنکەی بەردەوامی سەر مانگ.
بەرنامەی ئارتێمیس هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕانەوەی بەردەوام بۆ مانگ و ئامادەکاری بۆ گەیشتن بە مەریخ لە داهاتوودا. ناسا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بەرنامەیە تەنها سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە ئاسمانگەڕیی مرۆڤەدا. ئارتێمیس2 لە نێوەندی واڵایی کەنەدی ئامادەیە لە ڕۆژی 1ی مانگی چوار بەرەو واڵایی ئاسمان بفڕیت و جیهان بە چاوەڕوانییەکی گەورەوە سەیری ئەم هەنگاوە مێژووییە دەکات.