شەوی رابردوو هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد، لە کاتیکدا شەپۆلێکی نێودەوڵەتی بۆ سەرکۆنە کردنی هێرشی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک بەردەوامە.
بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، دوای ئەوەی چەند شەوێک هێرشە درۆنی و مووشەکیەکانی ئێران و گرووپە میلیشا عێراقیەکانی سەر بە ئێران، کەمبوونەوەی پێوە دیار بوو، شەوی رابردوو شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشەکان دەستیانپێکردەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی.
ئەمەش بووە هۆی دووبارە داخستنەوەی قوتابخانەکان کە دوای کە پاش ماوەیەکی زۆر بڕیاری کردنەوەیان درا بەڵام بەخێرایی داخرانەوە.
ئەم هێرشانە بە تایبەت دوای ئەوە دێن کە هێرشەکانی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی، هەرێمی و ناوخۆیی لێ کەوتەوە. پاش ئەوەی وەلایەتە یەکگرتووەکانی ئامەریکا ئەم هێرشانەی بە تووندی سەرکۆنە کرد، ئەمرۆ باڵێۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق، لە سەر هەژماری خۆی لە ئێکس، رایگەیاندووە بە تووندی هێرش بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان "سەرکۆنە" دەکات و ئەو هێرشانە بە "ناڕەوا" ناو دەبات. هەروەها سەرۆکی فەڕەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەم هێرشانەی سەرکۆنە کرد.
بێجگە وڵاتانی رۆژاوایی، رووسیا و چەندین ووڵاتی رۆژهەڵاتی ناوین بەرامبەر بە ئەم هێرشانە هەڵوێستیان گرتووە. شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات)، شا عەبدوڵا، پاشای ئۆردن و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان ئیدانە کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، وەزارەتی دەرەوەی سووریا و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەرکام بە دەرکردنی راگەیێندراوی جیا ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کردووە.
ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبیش بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد و پشتگیریی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە.
لەسەر ئاستی کوردستان و هەرێم، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران، کەجەکە و دەم پارتی ئەو هێرشەیان بە توندی سەرکۆنە کردووە.
زۆرینەی هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانیش هەروەها هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر ئەم هێرشانە پیشان داوە و ئیدانەیان کردووە.
ئەم کاردەنەوانە هەروەها لەسەر ئاستی کەسایتیە سیاسی و ئایینیەکانیشدا بەدی دەکرێن. زاڵمای خەلیلزاد لە هەژماری خۆی لە سەر تۆڕی ئکس و هەریەک لە کەسایەتیە ئایینیەکان حازم تەحسین بەگ و باباشێخ ئەم هێرشانەیان سەرکۆنە کردووە. لەیلا زانا کەسایەتی سیاسی ناوداری کوردیش هەروەها ئەم هێرشەی ئیدانە کرد.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەگەنە لووتکە کە تیمی ڕێکخراوی سی پی تی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێت لە ماوەی ئەم مانگەی شەڕەدا 474 هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.