سی پی تی: لە ماوەی مانگێکدا 474 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان

بە پێی دواین زانیارییەکانی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی، لە هێرشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، 14 کەس کوژراون و 93 کەسی تریش بریندار بوون.

ڕێکخراوەکە ڕۆژی شەممە لە ڕاگەیاندنێکدا کە بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ناردووە، دەڵێت لە ماوەی یەک مانگدا و پاش ئەوەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستیپێکرد، سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی لە عێراق "دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمەریکا، کەمپ و بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێڵگە نەوتییەکان، ستونی هێڵەکانی پەیوەندیکردن، باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، شوێنە گشتییەکان و چەند دامەزراوەیەکی ناحکومی."

تیمی ڕێکخراوی سی پی تی لە هەرێم و کوردستان و عێراق دەشڵێت لە ماوەی ئەم مانگەی شەڕدا 474 هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە کە 179 لەم هێرشانە لەلایەن خودی سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دراوەو 295یشیان گرووپە بەکرێگیراوەکانی ئێران لە عێراقەوە ئەنجامیان داون.

لە کۆی ئەو 474 هێرشەدا، 359 هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژییەوە بووە و 104 هێرشی مووشەکیش کراوە و بێجگە لەمانە 10 هێرشیش لە ڕێگەی تۆپبارانەوە بووە و ڕووداوێکی تەقەکردنیش هەبووە.

بە پێی ئامارەکەی سی پی تی، تا ڕۆژی یەکشەممە 370 هێرش بۆ سەر پارێزگای هەولێر بووە و 90 هێرشیش کراوەتە سەر پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدا 11 هێرشیش بۆ سەر پارێزگای دهۆک کراوە.

پارێزگای هەڵەبجەش کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا 3 هێرشی کراوەتە سەر.

بەپێی سەرچاوەکانی تیمی ڕێکخراوی CPT، زۆرینەی هێرشەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک، لەلایەن گورپە میلیشیا و هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراقدا ئەنجامدراون. ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی هێرشەکانی سەر پارێزگای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون.

لەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان 228 هێرشیان لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی، یاخود تەقەکردن پوچەڵکراونەتەوە یاخود بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان کەوتونەتە خوارەوە.

تیمی سی تی پی دەڵێت بێجگە لە زیانی گیانی لەم هێرشانەدا زیانی داراییش بە خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیشتووە "پێوستە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی پارێزراو بێت و خەڵکانی زەرەرمەند بەزووترین کات قەرەبوو بکرێنەوە. لەسەر حکومەتی عێراقیش پێویستە کە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق بدات و هەموو ئەو گروپ و لایەنانەی کە لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بەرپرسیار بکات".

سی پی تی (بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵگە) ڕێکخراوێکی ناحکومی ئەمەریکاییە کە کار لە پێناو کەمکردنەوەی توندوتیژی و بەبەڵگەکردنی سەرپێچییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە قەیراناوییەکاندا دەکات. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 2003وە لە عێراق کاردەکات.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT داوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە و هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکا و دەڵێت "پێوستە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی پارێزراو بێت و خەڵکانی زەرەرمەند بەزووترین کات قەرەبوو بکرێنەوە."

سەبارەت بە ئەرکی حکومەتی عێراقیش دەڵێت " لەسەر حکومەتی عێراقیش پێویستە کە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق بدات و هەموو ئەو گروپ و لایەنانەی کە لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بەرپرسیار بکات".