ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات

ئەمەریکا هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی بۆ سەر سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شەرمەزار کرد و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی تۆمەتبار کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئێوارەی شەممە لە ڕاگەیاندنێکدا کە بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاشی ناردووە، دەڵێت زۆر بە ڕوونی و بێ دوودڵی " هێرشە قێزەونەکانی گرووپە ملیشیا بەکرێگیراوە تیرۆریستەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرکۆنە دەکات."

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە " ئەم جۆرە کارانەی ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی هەڕەشەیەکی ڕژدن بۆ سەر سەروەری و یەکڕیزی عێراق و سەقامگیری ناوچەکە.

ئەمەریکا دەشڵێت " ئێمە بە تووندی ئەو کارە تیرۆریستییە بێجیاوازی و ترسنۆکانەیە ڕەتدەکەینەوە کە ئێران و گرووپە تیرۆریستە بەکرێگیراوەکانی سەر بە ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرتاسەری عێراقدا ئەنجامیان داوە."

هەرێمی کوردستان لە مێژە بە ناوچەیەکی تاڕادەیەک سەقامگیر لە ناوخۆی عێراق دادەنرێت، ئەمەش وایکردووە ئەم جۆرە هێرشانە بە تایبەتی هەم بۆ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و هەم بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی مەترسیدار بن.

ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ ئاسایش و یەکڕیزی عێراق دووپاتکردەوە، هاوکات داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسیارانی هێرشەکە کردووە.

ڕۆژی شەممە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دهۆک بوو بە ئامانجی هێرشێکی درۆنی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، و ئەم هێرشە کاردانەوەیەکی زۆری ناوخۆیی و جیهانی لێ کەوتەوە.

بەرپرسانی عێراقی و جیهانی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کردووە و بە کارێکی قێزەوەن ناودێریان کردووە.

لەوەتای ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستیپێکردووە، ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی نزیکەی هەوو شەوێک هێرشی درۆن و مووشەک دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.