کۆماری ئیسلامی لە دەستبەسەرکردنی خەڵک بەردەوامە

بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە دەستپێکی هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، رێژەی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنەکان لە وڵاتەکە زیاتر بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، لەم ماوەیەدا هەزاران کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەییەوە دەستگیرکراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندەکەیان لە 28ی مانگی 2ی زایینی ئەمساڵەوە تا 21ی مانگی 3، لانیکەم 1700 هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی سەر بە رژێمەوە دەستبەسەرکراون.

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کەسانە بە چەندین تۆمەت لە نێوانیاندا هەوڵی سیخوڕی و هاوکاری دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان وەک مۆسادی ئیسڕائیل، هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و تێکهەڵچوونی چەکداری و چالاکی میدیایی و شێواندندی ئاسایشی دەروونی کۆمەڵگا گیراون.

ماڵپەڕی ئێندیپێندێت فارسی دەڵێت، ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بەو ماڵپەڕە ئاماژە دەکەن کە "لە حاڵێکدا شەپۆلێکی نوێی [دەستبەسەرکردن] لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران دەستی پێکردووەتەوە " کە چارەنووسی زۆرێک لە گیراوەکانی خۆپێشاندانەکانی چەند مانگ پێش ئێستا هەروا بە ناڕوونی ماوەتەوە"،."

لە هەمانکاتدا، ڕاپۆرتی هەنگاو سەرنج دەداتە کوردستان و ئاماژە دەکات کە هەر لەو ماوەیەدا "لانیکەم 300 هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ و تاران لە لایەن حکوومەتەوە گیراون." ئەم رێکخراوەیە، هەروەها، دەیخاتە روو کە حکوومەت دەستی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ژەمارەیەک لە گیراوەکان کردووە.

ڕێکخراوەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی 25 کەس لە هاووڵاتییە گیراوەکان بزانێت.

ڕێکخراوی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بەردەوام بوونی ڕژێم بۆ گرتن و گوشارهێنان بۆ سەر خەڵک، ئاماژە بە شاری سەقز دەکات کە حکوومەت لەم دواییانەدا ئەو شارە و گوندەکانی ناوچەکەی تووشی دۆخێکی نائاسایی کردووە و بەتایبەتی پشکنین و هێرشی شەوانە بۆ سەر ماڵی خەڵک درێژەی هەبووە.