ڤانس: ئەمەریکا بەم نزیکانە کۆتایی بە شەڕی ئێران دەهێنێت

جێگری سەرۆکی کۆماری ئەمەریکا ج.دی ڤانس ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا بەم زووانە لە شەڕی ئێران دەکشێتەوە پاش دڵنیابوون لەوەی کە ڕژێمی ئێران چیتر هەڕەشە دروست ناکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لە پۆدکاستەکەی "بەنی شۆ"، ڤانس باسی لەوە کرد کە ئەمەریکا زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانی لە ئێراندا بەدیهێناوە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گوتی "سەرۆک بۆ ماوەیەکی کەم درێژە بەم شەڕە دەدات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە کاتێک لێی دەردەچین، پێویست نەکات بۆ ماوەیەکی زۆر جارێکی تر ئەم شەڕە بکەینەوە."

ڤانس هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ڕژێمی ئێران لە زۆر ڕووەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمەریکا "ئەوان هێشتا هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدەن، دەبێت بۆ هەمیشەیی ڕایانبگرین و ئەوەش ئامانجەکەمانە".

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئەمەریکا و سەرتاسەری جیهان، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمە "کاردانەوەیەکی زۆر کاتییە بۆ ململانێیەک کە لە کۆتاییدا زۆر کورتخایان دەبێت."

"ئێمە نامانەوێت بۆ یەک دوو ساڵی تر لە (جەنگ) لەگەڵ ئێراندا بین. ئێمە کاری خۆمان دەکەین. بەم زووانە لێی دەردەچین، نرخی نەوتیش جارێکی دیکە دادەبەزێت".