سوپای سوریا ڕایگەیاند یەکە سەربازییەکانی ڕۆژی شەممە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر بنکەی سەربازیی تەنف پووچەڵ کردووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە خاکی عێراقەوە دەرچووبوون بە مەبەستی کردنە ئامانجی بنکەی سەربازی لە ناوچەی تەنەف.
بنکەی تەنەف دەکەوێتە نزیک سنوورەکانی سوریا لەگەڵ عێراق و ئوردن. لە کاتی شەڕی داعش لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە دروستکراوە. لە 12ی مانگی دووی ئەمساڵدا ئەمەریکا ئەو بنکەیەی ڕادەستی حکومەتی کاتیی سوریا کرد.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی مانگی دووەوە، گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە ئێران، چەندین جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر سوریا بە ڕۆژاواشەوە. هەفتەی ڕابردوو هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بنکەی خراب ئەلجیر لە باشووری شاری ڕمێلان کەوتە خوارەوە. ئەم بنکەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و سوپای سوریادایە.
سوریا بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە قبوڵ ناکات بەشێک بێت لەو شەڕەی کە لە ئێستادا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامە. لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆدا، سوپای سوریا ڕایگەیاندووە، ئامادەیە بەرگری لە ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەی بکات.