سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دهۆک بووە ئامانجی هێرشێکی درۆنی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق.

بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق سەرکۆنەی هێرشەکانی کردووە و" ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی نێچیرڤان بارزانی و پەرۆشیی ئەو بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق کرد."

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت سودانی فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی "ئەمنی و تەكنیكی لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم" دەکردووە تا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن و تاوانباران دەستنیشان بکەن و هەموو ڕێکارێکی یاساییش دژیان بگیرێتەبەر.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سودانی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق پابەندە بەوەی ڕێگری بکات لە "هەر لایەنێکی لە یاسا دەرچو، چ ناوچەیی بێت یان نێودەوڵەتی، لە ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو ململانێکانی ناوچەکە."

لەوەتای ئۆپەراسیۆنەکەنای ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستیپێکردووە، ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناو خاکی عێراقەوە نزیکەی ڕۆژانە هێرشی درۆن و مووشک دژ بە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.

هێرشەکانی ئەمڕۆش بۆ سەر پارێزگای دهۆک و هەولێر پاش ئەوە بوو کە سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند نامەیەکی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترامپەوە پێگەیشتووە.