سەرۆک ترامپ، نامەیەک بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنێرێت

سەرۆک دۆناڵد ترامپ، نامەیەکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ناردووە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت سەرۆک ترامپ لە نامەکەدا نوسیویەتی " نەورۆز، ئاهەنگگێڕانە بە هاتنی بەهار، هەروەها بەرجەستەکردنی سەرکەوتنی هەمیشەییی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا. ئەم جەژنە دێرینە، گوزارشتێکی ساڵانەی هێزی سەرەتا نوێیەکانە."

سەرۆکی ئەمەریکا نزاش دەکات ئەم نەورۆزە "ببێتە مایەی بەهێزکردنی بەهاکانی ئاشتی و شکۆی مرۆڤ و ساڵی نوێ پڕ لە خێر و خۆشی بێت."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی نامەکەدا بە کوردیش نوسیویەتی "نەورۆز پیرۆز."

شایانی باسە ئەم نامەیە لە دەمی نەورۆزدا ڕەوانە کراوە بەڵام ئێستا گەیشتووەتە دەستی نێچیرڤان بارزانی سەۆرکی هەرێم.