سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لە شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، چەندین خاڵی ڕژێمی لە تاران کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی شەممە بە کاتی تاران ڕایگەیاند "هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران لە سەرتاسەری تاران". هاوکات هەواڵەکان لە سۆشیال میدیادا و تۆڕی ئێکس باس لە هێرشەکان لە چەند گەڕەکی ڕۆژئاوای تاران، پارچین و شاری ئەسفەهان دەکەن.
هەژماری وەحید ئۆنڵاین کە تایبەتە بە بلاوکردنەوەی هەواڵ و گرتە ڤێدیۆکانی نێوخۆی ئێران، لە هەژماری ئێکسی خۆی دیمەنی چەند هێرشێکی بەرەبەیانی شەممەی بڵاو کردووەتەوە.
لەم گرتەیەدا نووسراوە هێرش کراوەتە سەر بینایەک لە شاری هەشتگێردی کەرەج لە پارێزگای ئەلبۆرز.
سەبارەت بە گرتەیەکی دیکە نووسیویەتی تەقینەوەی هێرشەکانی بەیانی لە تاران کە بە ئەگەری زۆر لە نزیک پارچین ڕوویداوە. پارچین ناوچەیەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران و ناوچەیەکی سەربازییە و شوێنی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێرانە، لەوانە پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان و چاککردنەوەی مووشەک و دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
هەروەها تەقینەوە لە ئەسفەهان ڕوویداوە. هەژماری وەحید ئۆنڵاین بە بڵاوکردنەوەی ئەم گرتەیە نووسیویەتی تەقینەوە دوای هێرشی ئاسمانی لە ئەسفەهان لە چوارڕێیانی سیمین کاتژمێر 2ی نیوە شەوی شەممە بە کاتی ئێران.