ئیسرائیل دەڵێت حزبوڵڵا کڵێسا دەکاتە بنکەی سەربازی

هێزەکانی ئیسرائیل تونێلێکی ژێرزەمینیان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن گرووپی تیرۆریستی حزبوڵڵا لە نزیک کڵێسایەک لە شارۆچکەی خیام لە باشووری لوبنان دروستکرابوو.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، دوو سەربازی دیکەی ئیسرائیل لە شەڕدا کوژراون، بەمەش کۆی ژمارەی سەربازە ئیسرائیلییەکان کە لە لوبنان کوژراون گەیشتە چوار سەرباز.

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە کاتی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکاندا دەرگای چوونە ژوورەوەی تونێلەکە و ڕێگایەکی ژێرزەمینیان لە نزیک کڵێساکە دۆزیوەتەوە. سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، ئەو شوێنە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 دۆزراوەتەوە و پاککراوەتەوە، بەڵام دواتر سێ دەروازەی تونێلی دیکە لەلایەن حزبوڵڵا لە ماوەی ئاگربەستدا دروستکراون و شوێنەکە چالاک کراوەتەوە.

لیوا ئیلا واوێیا، وتەبێژی هێزەکانی ئیسرائیل دەڵیت " بە ئەنقەست بەکارهێنانی دامەزراوە ئاینییەکانی مەدەنی بۆ مەبەستی سەربازی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا لە ناوچەی حاجیر، حەسەن محەمەد بەشیر، فەرماندەی باڵای یەکەی دژە تانکەکانی حیزبوڵایان کوشتووە. سوپا ئاماژەی بەوەشکرد، بەشیر لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەدان هێرشی ئاراستەی سەربازانی ئیسرائیل و هاوڵاتیانی مەدەنی کردووە و کاردەکات بۆ یەکخستنی هێزەکانی دژە تانکی حزبوڵڵا لە باکوری ڕووباری لیتانی.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل، لەو کاتەوەی شەڕەکە لە 2ی ئازار دەستیپێکردووەتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل پەلاماری زیاتر لە دوو هەزار ئامانجی حیزبولایان داوە وە نزیکەی 700 ئەندامی چالاکیان کوشتووە، کە سەدان کەسیان ئەندامی هێزی ڕزوان بوون، کە یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی نوخبەی حیزبوڵایە.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند،بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە 2ی ئازارەوە تا ئێستا زیاتر لە 1094 کەس کوژراون و زیاتر لە 1.2 ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون، وەزارەتەکە جیاوازی ناکات لەنێوان هاوڵاتی مەدەنی و شەڕکەران.

یونیسێف ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە زیاتر لە 370 هەزار منداڵ لە لوبنان ئاوارەبوون و لانیکەم 121 کەس کوژراون و 399 کەسیش برینداربوون.

جگە لەو چوار سەربازە ئیسرائیلیەی کە کوژراون، دوو هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان بەهۆی هێرشی موشەکی حزبوڵڵای لوبنان لە باکووری ئیسرائیل بەرکەوتووە و ئەوی دیکەیان لە ئاگرێکی دۆستانەی ئیسرائیل لە نزیک سنووری لوبنان کوژراوە.

جیی ئاماژەیە حزبوڵڵا لە 8ی مانگی دەی ساڵی 1997 لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشانکرا.