کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ سوریا ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتێکی نوێی سەبارەت بە توندوتیژی دڕندانەی مانگی حەوتی 2025 لە دژی دانیشتوانی شاری سوێدا بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە زیاتر لە هەزار و 700 کەس کوژراون و نزیکەی 200 هەزار کەسیش ئاوارەبوون، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە چەندین لایەن دەستیان لەو توندوتیژییانەدا هەبووە، لەوانە هێزەکانی حکومەتی سوریا، چەکدارە خێڵەکییەکان و گروپە چەکدارەکانی دروز.
پاولۆ سێرجیۆ پینهیرۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: ئەو دڕندەیی، توندوتیژی و پێشێلکارییانەی کە لە سوێدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە جێگای نیگەرانی قووڵن .
لە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 93 لاپەڕە پێکهاتووە، دەرکەوتووە کە لانیکەم هەزار و 707 کەس کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلی دروز بوون، لەگەڵ ئەندامانی هۆزە عەرەبییەکان (بەدەوین) و لانیکەم 225 سەربازی کاتی حکومەت کوژراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەتا ئێستا 155 هەزار کەس ئاوارە بوون و دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی ئەم دواییانە، دۆخی مرۆیی چارەسەر نەکراوە.
لە 17ی مانگی سێدا، لێکۆڵینەوەیەکی حکومەتی سوریا لەسەر هەمان ئەو ڕووداوانە ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە 1760 کەس کوژراون و 2188 کەسیش "لە هەموو لایەنەکان" برینداربوون.
حکومەتی کاتی سوریا لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە: " پێشێلکارییەکی زۆری مافەکانی مرۆڤ لەلایەن چەند لایەنێکەوە ئەنجامدراوە، لەوانە گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و کەسانی سەر بە داعش، ئەمە جگە لە حکومەت و هێزە ئاسایشییەکانیش".